ایران نیوز

چهارشنبه، مهر ۲۸، ۱۳۹۵

بەرەو نەبەردی گەورە و مێژوویی مووسڵ

بەیاننامەی فەرماندەیی گشتیی پارتی ئازادیی کوردستانPAK
رۆڵەکانی نەتەوەی گەورەی کورد!
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان!
پاش دوو ساڵ بەشداریی کارا لە شاجەنگی کوردان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تۆمار کردنی دەیان سەرکەوتنی پڕ لە شانازیی بەسەر هێزەکانی داعش دا لە مێحوەرەکانی جەنگ لە باشووری کوردستان؛ پاش کۆڵنەدان و خۆڕاگری لە حاست هەموو ناهەمواری و کەمووکووڕی و گیرگرفتەکان، بە پێشکەش کردنی 8 شەهید و 23 بریندار؛ ئەمڕۆ رۆڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، رێبواران و جەنگاوەڕانی رێگای سەربەخۆیی و دەوڵەت و یەکگرتنەوەی کوردستان، لە بەرەبەری خوڵقاندنی شانازیی پتر و وەدەسهێنانی سەرکەوتنی زیاتردان.
ئەمڕۆ هێزە سنوور بەزێنەکانی پارتی ئازادیی کوردستانPAK، کوڕان و کچانی ئاڵابەدەست و دڵ پڕ لە هیوای قوتابخانەی کوردایەتی و کوردستان نەتەوەریی، بە وێنەی رۆژانی هاوپشتیی کورد لە دەوڵەتی جمهووریی کوردستاندا، شانبەشانی هێزەکانی بەر فەرمانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەرەبەری دەسپێکی نەبەردی گەورە و مێژوویی مووسڵ دان.
ئەمڕۆ هێزەکانی ئێمە، دەچنە ئەو قۆناغەی جەنگەوە کە ئاکامەکانی تەنیا هەر تێکشکاندن و دەرپەڕاندنی هێزەکانی داعش لە مووسڵ نییە. بەڵکوو هەنگاو هەڵگرتنەوە لە رێگایەکدایە کە سەرکەوتنی، دەتوانێ ببێتە دەرفەتێک بۆ هەڵوەشاندنەوە و هەڵگرتنی تەوقی ئەو سنوورە دەسکردانەی سایکس- پێکۆ و لۆزان یەک سەدەیە بەسەر نەتەوەکەمانیاندا سەپاندوە.
ئاشکرا و روونە کە جەنگی رزگار کردنی مووسڵ و قۆناغی پاش داعش، بووەتە بابەتی ململانێیەکی جیهانی و هەرێمیی.
پرسی رزگار کردنی مووسڵ و رماندنی قەڵای داعش لە باشووری کوردستان و ئاکامە سیاسی و سەربازییەکانی، دووڕێیانێکی هات و نەهات و دەرفەت و هەڕەشەیە بۆ نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەموو داگیرکەرانی کوردستان و دەست و پێوەندەکانیان، بە تەمان بە رۆڵگێڕانیان لەم جەنگەدا، پلان و تەرتیباتە سیاسییەکەی سایکس- پێکۆ و لۆزان وەک خۆی بهێڵنەوە و دەرفەتی دەرچوون لێی لە نەتەوەی کورد لە بار بەرن. لە بەرانبەردا، ئەوە کورد و هێزەکانییەتی کە دەتوانن بە گرتنەوەی زیاترین خاکی داگیرکراوی کوردستان و گێڕانی باشترین رۆڵ لە تێکشکاندن و دەرپەڕاندنی هێزەکانی داعش لە مووسڵ و دەشتی نەینەوا، ئاکامە سیاسی و سەربازییەکانی ئەو جەنگە، لە پێناو ئامانجی لە مێژینەی کورد : هەڵوەشاندنەوەی سنوورە دەسکرد و داسەپاوەکان و سەربەخۆیی و دەوڵەت و یەکگرتنەوەی کوردستان، بەکار بێنن و بەوجۆرە رووبەڕووی هەڕەشەکانی ئێستا و پاشەرۆژ، لە هەر لایەکەوە ببنەوە.
بەڵێ؛ بەشداریی رۆڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەم شاجەنگەدا بەو ئامانج و ستراتیژە پیرۆز و مەزنەیە. هەر بۆیە، هێزە دلێر و ئازاکانمان، لە چیای باشیکەوە، لە کات و ساتی دیارییکراودا، هەڵۆ ئاسا بەرەو پێدەشتەکانی مووسڵ و دەشتی نەینەوا دەجووڵێن و ئاگر لەسەر پشتی هێزەکانی داعشی دەسکردی داگیرکەران و هەر هێزێکی دیکەی بەرفەرمانی دوژمنانی ئەم خاک و نیشتمانە دەکەنەوە.
ئێمە لەم ئان و ساتە چارەنووسسازەدا، بە پێویستی دەزانینن هەڵوێست و بانگەوازێکی مێژوویی رابگەێنین: پارتی ئازادیی کوردستان کە بە لێهاتوویی سیاسیی و سەربازیی خۆی، توانی بەربەست و لەمپەڕەکان هەڵگرێ و جێی بەشداریی و رۆڵگێڕانی رۆژهەڵاتی کورددستان لەم جەنگە کوردستانی و نێودەوڵەتییەدا بکاتەوە؛ ئامادەیە، درگای ئەم دەرفەت و پێگە و ئیمکانەی لە دوو ساڵ شەڕی داعشدا بەدەستی هێناوە، بۆ هەموو ئەو حیزب و لایەنانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە هێز و حەزی بەشداریی لەم جەنگە مێژووییەیان هەیە، بکاتەوە و پێکەوە بە ماف و ئەرکی یەکسانەوە بۆ بەشداری بەرینتری رۆڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەم جەنگەدا، فەرماندەییەکی هاوبەشی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێکبێنێ.
دەبا تیکەڵبوون و ئاوێتەوە بوونی هێز و عارەقە و خوێنی رۆڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و باشوور و باکوور و رۆژاوای نیشتمان لەم نەبەردە مێژوویی و چارەنووسسازەدا، پەیامێکی دیکە بێ بۆ دابەشکەران و داگیرکەرانی کوردستان کە کورد و کوردستان یەک نەتەوە و یەک نیشتمانن لە رۆژهەڵاتی ناوڤین و بۆ کەس لێک ناکرێن. دەبا رەنج و عارەقە و خوێنی سوپای گەورە و هاوبەشی کورد لەم نەبەردەدا، ببێتە هەوێنی رمانی دیوارە بەڕلینییەکانی نێوان پارچە دابەشکراوەکانی نیشتمانە خۆشەویستەکەمان و راماڵینی دوا سەربازی داگیرکەر لە بست بە بستی خاکی کوردستان.
پارتی ئازادیی کوردستانPAK
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە
26 رەزبەری 2716
17 ئۆکتۆبری 2016

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر