ایران نیوز

سه‌شنبه، آذر ۰۷، ۱۳۹۶

پارتی: بۆ پەلاماردانی ماڵی لایەنگرانمان لە کەرکووک چاوساغی بۆ حەشدی شەعبی دەکرێ

جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە لە کەرکووک چاوساغی بۆ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەکرێت، تاوەکوو پەلاماری ماڵی لایەنگرانی پارتی بدرێت.
دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”هەموو لایەک دەزانن، شەوان لە کەرکووک ھەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی لایەنگرانی پارتی، ماوەیەکە لە کەرکووک شەوانە ماڵە پارتییەکان دەستنیشان دەکرێن، بۆیە دوور نییە بچنە سەر ماڵەکان یان تاڵانیان بکەن“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە کەرکووک داگیر کراوە و میلیشیاکان خەریکن دادگای سەربازی لەو شارە دادەنێن، بۆیە ”ھەندێک شت لە کەرکووک دەکرێت، هەر لەو میلیشیایانە دەوەشێتەوە، خەڵک گیراوە، ماڵ سوتێنراوە، چاوەڕوانیشین زیاتر بکرێت".

بەرپرسەکەی پارتی لە سنووری کەرکووک ئەوەی ئاشکرا کرد کە کۆمەڵێک کەس خەریکی کۆکردنەوەی زانیارین لەبارەی ماڵی لایەنگرانی حزبەکەی و دەستنیشانکردنی خانووەکانیان، ”بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ حەشدی شەعبی هەماهەنگی دەکەن“، بەڵام ئاشکرای نەکرد کە ئاخۆ ئەو کەسانە سەر بە کام لایەنی سیاسین.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر