ایران نیوز

چهارشنبه، شهریور ۱۲، ۱۳۹۳

"ئەمیری كەتیبە كوردستانیەكانی قاعیدە لە سنە دادەنیشێ"

رووداو- هەولێر
سەرەڕای جموجوڵ و خۆدەرخستنی چەند كەسێك كە پشتیوانییان لە چالاكییەكانی چەكدارانی داعش كردووە، بەڵام مامۆستایەكی ئاینی لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەڵێت داعش مەترسی نییە لەسەر رۆژهەڵاتی كوردستان، چونكە هیچ رێبەرێكیان لە ناوچەكەدا نییە كۆیانبكاتەوە.
ماوەیەكە هەوادارانی داعش لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەستیان بە چالاكی كردووە، بەڵام چالاكییەكانیان نەگەیشتووەتە ئاستی ئەو چالاكیانەی لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان دەیكەن. ئەوان تاوەكو ئێستا تەنیا توانیویانە ئاڵای رەشی داعش لەچەند شوێنێك بەرزبكەنەوە.


بەگوتەی سەرچاوەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە، لە هەندێ لە شارەكاندا سەلەفییەكان بۆ نیشاندانی پشتیوانیی خۆیان بۆ دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) خۆیان دەرخستووە. لە مزگەوتی ساڵحاوا لە شاری سەقز، لە كاتی هێرشەكانی داعش و پێشڕەوییەكانیان لە باشووری كوردستان، شیرینییان دابەشكردبوو.

شاهیدحاڵێك لە شاری مەهابادەوە بە( رووداو)ی گوت "لایەنگرانی داعش لە گەڕەكی پشتەپ و بەری شیلان هەڕەشەیان لە خەڵك كردووە كە بەشداری لە كەمپینی كۆكردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەكانی شنگال نەكەن". بە گوتەی هەمان سەرچاوە، ئەو كەسانە بە خەڵكیان گوتووە كە ئێزدییەكان كافرن و ئیمانیان بە ئاینی ئیسلام نەهێناوە، هەربۆیە مەحكومن بە مەرگ.

سەرەڕای ئەو چالاكیانە، بەڵام مامۆستایەكی ئاینی لە شاری سنە بە (رووداو)ی گوت كە داعش مەترسی لەسەر رۆژهەڵاتی كوردستان نییە، چونكە پێگەیان بەهێز نییە و ئەوانەشی هەن كەس نییە رێبەرایەتییان بكات.

ئەو مامۆستا ئاینییە كە بەرپرسیارێتی لە نێوەندە ئاینییەكانی ئێراندا هەیە و لەبەرئەوەش نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، گوتی "لە رۆژهەڵاتی كوردستان، ئیسلامییە توندڕەوەكان هەن، بەڵام ژمارەیان بەو شێوەیە نییە كە باس دەكرێت و هیچ رێبەرێكیان نییە، هیچ پەیوەندییەكی راستەوخۆشیان بە داعشەوە نییە، تەنیا ئەو بارودۆخەی ئێستا هانیداون خۆیان دەربخەن". گوتیشی "ئەوانەی خۆیان دەردەخەن زیاتر خەڵكی هەژارن و لە مزگەوتەكانی قەراخ شارەكان پەروەردەكراون".

ئیسلامییەكانیش لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەسەر چەند بەرەیەكدا دابەشبوون، لەوانەش بەرەی دەعوە و ئیسلاح كە دەگوترێ لە ئیخوان موسلیمین نزیكن. هەروەها جەماعەتی ئەحمەد موفتی زادە. سەلەفیەكانیش بەرەیەكی دیكەن.

سولەیمان مەنگوڕی كە ئەندامی دەعوە و ئیسڵاحە لە شاری مهاباد، بە (رووداو)ی گوت "ئەوانە تەنیا دەیانەوێ خەڵك بترسێنن و خۆیان نیشان بدەن، هیچ پێگەیەكیان لەناو كۆمەڵگای رۆژهەڵاتی كوردستاندا نییە". 

موختار هۆشمەند، توێژەری ئیسلامی سیاسی سەبارەت بە مێژووی سەلەفیەت لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەڵێت، بەگشتی مێژووی سەلەفیەتی جیهادی لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەتەكانی سەدەی رابردوو، ئەوكات كە فكری جیهادی لە ئەفغانستان گەشە دەكات، بەڵام ئەو فكرە كاتێك گەشەی كرد كە چەكدارانی ئەنسارولئیسلام لە باشووری كوردستان خۆیان قایمكرد و لە پشت گوندی سەرگەت لە هەورامان سەربازگەیەكیان بەناوی سەیدولسەلام كردەوە "لەوێ گەنجانی رۆژهەڵاتی كوردستان كۆدەكرانەوە و مەشقی سەربازییان پێدەكرا". هۆشمەند دەڵێت "تا ئەوكاتە هیچ رێكخراوێكی سەلەفی جیهادی لە رۆژهەڵاتی كوردستان نەبوو".

بەپێی قسەی ئەو شارەزایە، لە كۆتاییەكانی ساڵی 2003دا بە هاوكاری كەتیبەی فەتح و ئەنسارولئیسلام، كەتیبەكانی كوردستان لەنێو رێكخراوی قاعیدە پێكهات كە ژمارەیەك كوردی لەخۆدەگرت و چەند بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە.

موختار هۆشمەند سەبارەت بە بزاوتە سەلەفیەكانیش لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەڵێت "زۆر سروشتییە بەشێك لە ئەندامانی كەتیبەكانی كوردستان لە نێو رێكخراوی قاعیدە جیابووبنەوە و ئێستا لە نێو داعشدا بن، بەڵام ئەوە جوڵانەوەیەكی تازەیە و زۆربەی ئەو كەسانەش كە لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر شەقامەكان دەركەوتوون، گەنجن و پێناچێت بەشێوەیەكی رێكخراوەیی كاربكەن".

هۆشمەند سەبارەت بە رێبەرانی كەتیبە كوردستانیەكانی قاعیدە گوتی "تاوەكو ئێستا ئەو رێكخراوە سێ ئەمیری هەبووە، ئەمیری یەكەمی كەسێك بوو بە ناوی ئەبو ئەسما كە خەڵكی شاری سلێمانی بوو. ئەمیری دووەمیان كەسێك بوو بە ناوی سوارە محەممەد كە خەڵكی ناوچەی شارباژێڕ بوو، ئەو دوو كەسە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیركران، ئەبو ئەسما 13 ساڵ زیندانی و سوارە محەممەدیش 7 ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە، بەڵام پاش ماوەیەك هەردووكیان ئازاد كران و لە شارێكی فارسنشین نیشتەجێكران. ئێستاش كەسێك كە خەڵكی گوندی قادر كەرەمی كەركووكە، بووەتە ئەمیری كەتیبەكانی كوردستان و لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان نیشتەجێیە".

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان كۆماری ئیسلامی و سەلەفییەكان، هۆشمەند دەڵێت "كۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەتا پێی باش بوو كە بیروباوەری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی كوردستان تەشەنە بكات وەك ئەڵتەرناتیڤێك بۆ بیری نەتەوەیی، بەڵام دوایی هەندێك لە ئەندامانی كەتیبەكانی كوردستان جیابوونەوە و لە دژی كۆماری ئیسلامی وتاریان دا، بۆیە دەسەڵاتدارانی ئێرانیش هەڵوێستیان گۆڕا و زیاتر لە 300 كەسیان خستنە زیندانەوە".

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر