ایران نیوز

شنبه، آبان ۰۸، ۱۳۹۵

پێشمەرگە باشیكی لە چوار لاوە گەمارۆداوە

هێزەكانی پێشمەرگە لە هەردوو میحوەری ناوەران و باشیك بەیەك گەیشتن و یەك هێڵی هێرشبردنیان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شارەدێی باشیك لە دەست چەكدارانی داعش دەستپێكردووە، فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگەیش دەڵێن "لە پێشڕەوی ناوەستین تا تەواوی شارەدێی باشیك لە داعش پاك نەكەینەوە".
لەوبارەیەوە سەربەست تروانشی بەرپرسی میحوەری ناوەرانی هێزەكانی پێشمەرگە لەلێدوانێكدا بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاند، زیاتر لە 80%ی ئامانجەكانی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەمڕۆی هێزەكانی پێشمەرگە بەدیهاتوە و لە چەند كاتژمێری داهاتوودا سەركەوتنی هێزەكانی پێشمەرگە بەسەر تیرۆرستانی داعش لە تەواوی شارەدێی باشیك رادەگەیەنین.
سەربەست تروانشی وتیشی "چەكدارانی داعش بەهیچ شێوەیەك توانای بەرگریان نەماوە و چەك و تەقەمەنیان لە دەستدا نەماوە بۆ بەرگریكردن، بەڵكو خۆیان لە تونێلەكاندا حەشاردەدەن لە رێگەی ئامێرە بێتەلەكانیانەوە بانگەشە و پڕوپاگەندە دەكەن، بۆئەوەی نەكەونە بەر هێرشی هێزەكانی پێشمەرگە و بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان جموجوڵی چەكدارانی داعش بەتەواوی كۆتایی هاتووە لە سنووری شارەدێی باشیك".
بەرپرسی میحوەری ناوەران دەشڵێت "فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بەردەوامن لە بۆردومانكردنی تیرۆرستانی داعش".
لەلایەن خۆیەوە لیوا غازی ساڵح ئەندامی ژووری ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ وتی "هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری ناوەران و باشیك بە یەكگەیشتن و یەك هێڵی هێرشبردنیان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شارەدێی باشیك دەستپێكردوە، ئەو بەیەك گەیشتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری ناوەران و باشیك كەمەرشكێنە بۆ داعش، چونكە هیچ دەرفەتێك بۆ تیرۆریستانی داعش نامێنێت تاكو بەرگری بكەن لە بوونی خۆیان لەو دوو میحوەرەوە".
ئەو فەرماندەیەی هێزەكانی پێشمەرگە راشیگەیاند، لە ئێستادا هێزەكانی پێشمەرگە و تیمەكانی پوچەڵكردنەوەی بۆمبە چێنراوەكانی تیرۆریستانی داعش سەرقاڵی پاككردنەوەی ئەو گوندانەن كە لەژێردەستی تیرۆریستانی داعش دەرهێنراون، تاكو زیانی گیانی بەدواوە نەبێت.
فەرماندەی ناوبراو وتیشی "لە ئێستا هێزەكانی پێشمەرگە زیاتر لە پێنج كیلۆمەتر شارەدێی باشیكیان جێهێشتووە بە توندی لە چوارلاوە گەمارۆی توند خراوەتە سەر باشیك، بەهۆی ئەم گەمارۆدانەی داعش لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە پێشبینی دەكەین گەورەترین زیان بەر تیرۆریستانی داعش بكەوێت ژمارەی كوژراوانییان بە رێژەیەكی زۆر بەرز بێتەوە، چونكە داعش لە رێگەی هێزی زۆرەوە بەردەوام بەرگری دەكرد بۆ ئەوەی باشیك لە دەست نەدات، ئێستایش بەهۆی ئەو گەمارۆیەی هێزەكانی پێشمەرگە تەنها دوو رێگە لە پێش داعش ماوە ئەویش یان دەبێت خۆیان رادەستی هێزەكانی پێشمەرگە بكەن یان دەبێت بە دەستی هێزەكانی پێشمەرگە بكوژرێن".

لیوا غازی ساڵح دەشڵێت "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ، هێزەكانی پێشمەرگە لە كاتێكی نزیكدا شارەدێی باشیك كۆنترۆڵ دەكاتەوە لە حوكمی داعش و ئاڵا رەشەكەی تیرۆریستان لە شارەدێیەكە دادەگرن. باشیك بۆ هێزەكانی پێشمەرگە گرنگە، چونكە لەم شارەدێیە تیرۆریستانی داعش هێڵێكی بەرگرییان تۆكمەیان دروستكردبوو بۆ ئەوەی لەو شوێنە بەرگری لە موسڵ بكەن و دووەم گەورەترین پاریزگای عێراق لە دەست نەدەن، خۆشبەختانە هێڵەكانی بەرگری تیرۆریستانی داعش لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە تێكشكێندراون".
ئەوەیشی وت: "دوای ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە هێڵی بەرگری تیرۆریستانی داعشیان تێكشكاند، داعش توانای بەرگریكردنی نەماوە تەنانەت هەندێك ناتوانن راشبكەن دەكەونە بەر هێرەشەكانی هێزی پێشمەرگە، ئەوەی لە دەست تیرۆریستانی داعش ماوە ئاراستەكردنی ئۆتۆمبیڵی بۆمبڕێژكراوە بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە، كەچی ئۆتۆمبێلەكانیشیان لە رێگەی چەكی میلانەوە دەتەقێنرێنەوە و رێگە نەدراوە بگەن بە هێزەكانی پێشمەرگە".
چەكدارانی داعش بۆ رێگریكردن لە پێشڕەوییەكانی هێزی پێشمەرگە و پاراستنیان لە بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان وەك هەمیشە هەڵستاون بە سووتاندنی نەوتی رەش لە سنوورەكە، بەهۆی دووكەڵی رەش تەواوی ئاسمانی دەشتی نەینەوا و میحوەرەكانی شەڕی تەنیوە.

لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەیی مووسڵ ئۆپەراسیۆنەكان بۆ حەوتەمین رۆژ بەردەوامە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا.

باشیك دەكەوێتە باكووری رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا لە رووی سەربازییەوە دەروازەیەك دەبێت بۆ هێرشكردن بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ناوەندی پارێزگای نەینەوا، زۆرینەی دانیشتوانی باشیك لە كوردانی شەبەك و كریستیان و كوردانی ئێزدی پێكهاتوون دوای گرتنی مووسڵ لەلایەن داعش ئەو شارەدێیەیش كەوتە ژێر دەسەڵاتی چەكدارانی داعش.

 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر