ایران نیوز

جمعه، مهر ۲۸، ۱۳۹۶

لە کەرکووک پێکدادان روویدا و سێ هەمەری حەشدی شەعبی تەقێندرانەوە

لە شاری کەرکووک شەڕ و پێکدادان لەنێوان خۆبەخشەکان و هێزە عێراقییەکان روویدا و سێ هەمەری سەربازیی حەشدی شەعبی تەقێندرانەوە. هاوکات چەکدارانی حەشد ئەفسەرێکی پۆلیسی سوننەیان کوشتووە.

لەدوای کاژێر 09:00 ی ئەمشەو لەلایەن خۆپیشاندەران و چەکدارە خۆبەخشەکانی کوردەوە لە گەڕەکی شۆریجەی کەرکووک تەقە لە هێزێکی هاوبەشی حەشدی شەعبی و پۆلیسی ناوەندی کراوە، شەڕەکە بۆ نزیکەی 20 خولەک بەردەوام بووە، تاوەکو ئێستاش لە چەند شوێنێکی شارەکە تەقە بەردەوامە. 

چەند شایەتحاڵێک کە هەواڵەکەیان بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە، ئەوەیان خستەڕوو کە چەکی قورسی وەک ئار بی جی لە شەڕەکەدا بەکارهاتووە. بەپێی گوتەی شایەتحاڵان، لە شەڕەکەدا سێ ئۆتۆمبێلی جۆری هەمەری حەشدی شەعبی بە ئار بی جی کراونەتە ئامانج و تەقێندراونەتەوە.

تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ژمارەی شەهید و بریندارانی خۆبەخشەکان نییە، بەڵام کوژران و بریندرابوونی ژمارەیەک چەكداری حەشدی شەعبی پشتڕاستکراوەتەوە.

هەر ئەمشەو چەکدارانی حەشد عەمیدێکی پۆلیسی سوننەیان لە کەرکووک کوشتووە. سەرچاوەیەک لە کەرکووکەوە بە رووداوی راگەیاند کە عەمید یاسین محەممەد عەلی لە ماڵی خۆی لە نزیک گۆڕەپانی ئاهەنگەکان لەلایەن حەشدەوە کوژراوە.

لەدوای هێرشی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان بۆ کەرکووک لە 16-10-2017 دا و، دەستدرێژیکردنە سەر خەڵکی مەدەنی و سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی کورد، بەتایبەت شەوان خەڵک دەڕژێنە شەقامەکان و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان ناڕەزایەتی دەردەبڕن، خۆبەخشەکانیش ناوە ناوە دژی هێزە عێراقییەکان چالاکی ئەنجامدەدەن.


رووداو - کەرکووک

زانیاری زۆرتر...

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر