جستجوی این وبلاگ

سه‌شنبه، آذر ۰۷، ۱۳۹۶

به‌غدا فه‌رمانى ده‌ستگيركردنى بۆ سه‌رحه‌د قادر و 12 ئه‌فسه‌رى ديكه‌ى كه‌ركووك ده‌ركرد

له‌ درێژه‌ى هه‌وڵه‌كانى به‌غدا و ميليشياكانى حه‌شدى شه‌عبى بۆ سڕينه‌وه‌ى مۆركى كوردى له‌ كه‌ركووك و راوه‌دوونانى به‌رپرسانى كوردى شاره‌كه‌، فه‌رمانى ده‌ستگيركردن بۆ به‌ڕێوبه‌رى قه‌زا و ناحييه‌كانى كه‌ركووك عه‌ميد سه‌رحه‌د قادر و 12 ئه‌فسه‌ر و پله‌دارى ديكه‌ى پۆليسى كه‌ركووك ده‌رچوو.
به‌ گوێره‌ى ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ى ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتوون، ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ كوردانه‌ به‌ گوێره‌ى حوكمه‌كانى بڕگه‌ى يه‌كى مادده‌ى چوارى تيرۆر داواكراوون.
فه‌رمانى دادگا گشتاندنى بۆ كراوه‌ و به‌ گوێره‌ى فه‌رمانه‌كه‌ ده‌بێت لايه‌نه‌ ئه‌منييه‌كانى كه‌ركووك هه‌وڵى ده‌ستگيركردنى داواكراوه‌كان بده‌ن.

وه‌ك له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كاندا هاتووه‌، دادگای لێكۆڵینەوەی رەسافە بە نوسراوی ژمارە (21115) لە رۆژى 19ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبه‌رى 2017 فەرمانی دەستگیركردنی بۆ 13 ئەفسەری پۆلیسی كەركووك دەركردووە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگاكەی كردووە بەمەبەستی دەستگیركردنیان.

عه‌ميد سه‌رحه‌د قادر له‌ ماوه‌ى 14 ساڵى رابردوودا رۆڵێكى سه‌ره‌كى هه‌بووه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گرووپ و ميليشيا تيرۆريستييه‌كانى سه‌ر به‌ به‌عس و قاعيد و داعش له‌ كه‌ركووك و له‌و پێناوه‌شدا زۆرترين جار بريندار بووه‌.


ئه‌م فه‌رمان و رێككارانه‌ى حكومه‌تى به‌غدا و ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق دواى ئه‌وه‌ دێت كه‌ له‌ 16ى ئۆكتۆبه‌رى رابردوودا، چه‌ند به‌رپرسێكى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان خيانه‌تيان كرد و په‌لكێشى ميليشياكانى حه‌شدى شه‌عبى و سوپاى عێراقيان كرد بۆ سه‌ر كه‌ركووك، وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌ ره‌سمى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان و كه‌سايه‌تييه‌ باڵاكانى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان رايانگه‌ياندووه‌.
به‌ هۆى داگيركردنى كه‌ركووكه‌وه‌، له‌ ماوه‌ى زياتر له‌ 40 رۆژى رابردوودا حه‌شدى توركمانى و ميليشيا شيعه‌كان هه‌وڵه‌كانيان چڕكردووه‌ته‌وه‌ بۆ سڕينه‌وه‌ى مۆركى كوردستانيبوونى كه‌ركووك و به‌ گوێره‌ى دواين لێدوانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانيش زياتر له‌ 180 هه‌زار هاووڵاتى كورد له‌ سنوورى ئه‌و پارێزگايه‌ ئاواره‌ بوونه‌.