پەیامی پلێنۆمی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
بۆ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان!
وێڕای پێزانین بۆ بەخەمەوەبوون و هەڵوێستی بەرپرسانەتان سەبارەت بەو کارەساتەی که بۆیان خۆلقاندین و گشت کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی تووشی شۆک کرد، هەوڵەکانتان بەرز دەنرخێنین و هیوادارین به هەستی بەرپرسایەتیی هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ئاسەوارەکانی ئەم کارەسات و جینایەتە کەم بکرێتەوە و ڕێگا نەدرێ که برینەکان قوڵتر بکرێن. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان وێرای ئەوە که هەموو هەوڵی خۆیی دەخاتە گەڕ بۆ هێورکردنەوە و پێشگرتن له هەرچەشنە ئاڵۆزیەک، به مافی خۆیی و به مافی خانەوادە و هاورێ و هاوسەنگەرانی هاورێیان هیوا سادقی و سامان ئیبراهیمی دەزانێ که ڕێگا نەدا تاوانباران له خۆیان لە وەڵامدانەوە به کردەوەکانیان بدزنەوە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ماوەی تەمەنی خۆیدا به پێی ڕوانگە و هەڵوێستی کوردستانی و بەشداری و تێکۆشانی گەرم و بێوچان بۆ پرسی ڕزگاری نەتەوەیی، پەیوەندی سادقانە و سەمیمانەی له گەڵ هەموو حیزبەکان هەبووە و هەوڵی زۆریدا که له هاوپەیمانییەکاندا بەشدار بێت یا خۆی هۆکارێک بێت بۆ کۆکردنەوەی هەموو لایەنەکان. له هەمانکاتدا له گەڵ هەموو حیزبەکاندا پەیوەندیی دوو لایەنەمان هەبووە.
به داخەوە به هۆی مەنشووری جۆرج تاون و ڕەچاوکردنی سیاسەتێکی چەوت و هەڵە له لایەن کەسی یەکەمی کۆمەڵەی شۆرشگێرەوە، درزێکی گەورە کەوتە نێوان دوو لایەنی کۆمەڵە و بە پێچەوانەی خواستی ئێمە دوورکەوتنەوەیەک لەگەڵ حیزبەکانی دیکە دروست بوو، له هەمانکاتدا مەنشوورەکە له گەڵ دژایەتیی بەرینی کوردستانی ڕووبەروو بوەوە. ئەم سیاستە له گەڵ ١٥ ساڵ کار و تێکۆشانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان نامۆ و ناتەبا بوو که بە ڕوونی لەبەرنامەی سیاسیی پەسەندکراوە کونگرەی ١٣ دا دەڵێ "کۆمەڵە بەڕەسمییەت ناسینی مافی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان و بەرگری لە خەباتە دیموکراتیک و ئازادیخوازنەکەی بە مەرجی چوونە ناو هەر ئیئتیلافێکی سەرتاسەریی لە ئێران دەزانێت ."
حیزب و لایەنە سیاسەکانی کوردستان!
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەوڵ دەدا که پەیوەندیی نزیک و دۆستانەی خۆی لەگەڵ حیزبەکان وەکوو جاران وەگەڕ بخات و بیکاتە هەوێنی هاوپەیمانی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان بە ئامانجی دروست بوونی بەرەیەکی کوردستانی. لەو پەیوەندییانەدا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە باری کاری دیپلۆماتیکی حیزبیدا سیاسەتێکی کوردستانی پەیڕەو دەکا واتا هەوڵ دەدا ڕێگانەدرێ هیچ لایەنێک بە تەنیا خۆی بکاتە نوێنەری گەلی کورد و کار بۆ ئەوە دەکا ڕێگە لە بەشداریی تاکڕەوانەی حیزبەکان لە هاوپەیمانییەکانی دەرەوەی کوردستان بگیردرێ، حیزبەکانی کوردستان نابێ به ناو کورد و کوردستانەوە مامەڵە بە بزووتنەوەکەوە بکەن و بیکەنە قوربانیی پاراستنی یەکپارچەیی سەرزەمینی و تەمامییەتی ئەرزیی ئێران. لە ڕوانگەی ئێمەوە هاوکاری و هاوپەیمانیی حیزبە کوردستانییەکان بۆ گەشەی زۆرتری بزووتنەوەی کوردستان که شۆڕشی ژینا چەندین هەنگاوی گەورە و مێژوویی بەرەو پێشی بردووە، مەرجێکی سەرەکییە.
بەکارهێنانی چەک و هێزی نیزامی بۆ چارەسەر کردنی کیشە و ناتەبایی سیاسی و حیزبی ئەزموونێکی تاڵی تاقیکراوە، کە بێجگە لە ماڵوێرانی و ناشیرینکردنی بزووتنەوەی کوردستان و لەدەستچوونی سەرمایەی ئینسانیی شۆڕشی کوردستان و بوونە قوربانیی لاوانی خەباتکار هیچی دیکەی بۆ بزووتنەوەکە تێدا نەبووە. ئەو شێوازە دواکەوتووانە و دژی ئازادی و ناوەرۆکی پێشکەوتووی بزووتنەوەی کوردستانە و دەبێ بنەبڕ بکرێ و حیزبەکانی کوردستان پێویستە هاودەنگ دژی هەر لایەنێک کە بەرانبەر بە بیرجیاوازن و لایەنەکانی دیکە دەست بۆ چەک دەبا ڕاوەستن و تاوانبارانی کردەوەی لەو جۆرە دەبێ بەرانبەر بە خەڵک و بزووتنەوەی کوردستان وەڵامدەرەوە بن.
سەرکەوێ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان
پتەوتر بێت هاوکاری و هاوپەیمانی لایەنە سیاسیەکان
پلێنۆمی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٨ی پووشپەڕی ١٤٠٢ ڕێکەوتی ٢٩ی ژوئێنی ٢٠٢٣ی زایینی

هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر