ایران نیوز

شنبه، تیر ۱۰، ۱۴۰۲

پەیامی پلێنۆمی شازدە بۆ بنەماڵەی هاورێیان هیوا سادقی و سامان ئیبراهیمی


 بنەماڵەی خۆڕاگر و جەرگ سووتاوی هیوا سادقی و سامان ئیبراهیم

خەڵكی تێكۆشەری كوردستان
دۆستان و دڵسۆزانی كۆمەڵە و بزوتنەوەی كوردستان
رووداوی تاڵی كوشتنی هاوڕێیان هیوا سادقی و سامان ئیبراهیمی نە تەنیا بۆ بنەماڵەی ئەم ئازیزانە و ئێمەی هاوسەنگەریان و گشت ریزەكانی كۆمەڵە بەڵكوو بۆ هەموو خەڵكی كوردستان و دڵسۆزانی بزاڤی كورد، جەرگبڕ و دڵتەزێنە.
بزاڤی رەوای خەڵكی كوردستان بۆ گەیشتن بە سەروەری و ئازادی، گەلێك قوربانی داوەو تا گەیشتن بە ئامانجەكانی هەر بەردەوامە. بەڵام كارەساتی مەرگی ئەم دوو لاوە تێكۆشەرە بەدەستی كەس یان كەسانێك كە تا رۆژێك پێشتر هاوڕێ و هاوسەنگەریان بوون گەلێك جیاواز و نامرۆڤانەیە.
ئێمە وەك كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بە رەسمی داوای لێبوردن لە ئێوە هەر دوو بنەماڵەی گیانبەختكردوو و هەموو خەڵكی كوردستان ئەكەین كە وێڕای هەوڵ و تەقالای زۆر نەمانتوانی پێش بەم جینایەتە بگرین و دڵتان بریندار بوو.
بەڵام دڵنیا بن كە بە هیمەت و پشتگیری ئێوە و هەموو خوازیارانی روون بوونەوەی چۆنیەتی روودانی ئەم كارەساتە، تێدەكۆشین و ئەركمانە كە جینایەتكاران كە زۆر روونە كێن بە خەڵك بناسێنین و دادگایی بكرێن.
لە كۆتاییدا دەبێ بڵێین كە ئەوان تەنیا تاوانیان ئەوە بوو نەیانویست لە حیزبێك بن كە حیزبی تاكە كەسی و بەرژەوەندخوازی كەسانێكە كە ساڵانیكە كۆمەڵەیان به لاڕێدا بردووە. بوونە قوربانی نەبوونی ئازادی تاك و گروپ لە نێو حزبدا و لەبەر چاو نەگرتنی ویست و خواستی خەڵك. هیوا و سامان‌و هاوسەنگەرانیان لە ریزی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان دژی ئەو پێكهاتە پاوانخوازە و بەكۆیلە كردنی پێشمەرگە وەستانەوە. هەرچەن نەك ئەوان ونە هیچ هاوڕێیەكی ئێمە لوولەی چەكی نەكرد لەوان و لەمبارەوە روو سوورین و حەق وایە سپاسی ئەم خۆڕاگرییەی هاوڕێیان بكەین.
هیوادارین ئەمە دوایین دڵۆپی خوێن بێ لەم پێناوەدا بڕژێت و هەموو خەڵكی كوردستان و حزب و لایەنە سیاسیەكان ئەم كارەساتە بكەنە هەوێنی یەكتر قەبوڵ كردن و رێز لە بیری جیاواز.
یاد و ناوی هاوڕێیانی گیانبەختكردوو هیوا سادقی و سامان ئیبراهیمی بەرز و بەرێزە
پلێنۆمی شازدەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٨ی پووشپەری ١٤٠٢ی هەتاویی
٢٩ی ژوئنی ٢٠٢٣ی زایینی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر