ایران نیوز

یکشنبه، اسفند ۱۷، ۱۴۰۴

ڕاگەیاندنی کۆمەڵە بەبۆنەی گیانبەختکردنی هاوڕێ پەروانە نەبی‌زاده ناسراو به زریان


 
بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕایدەگەیەنین کە هاوڕێ "پەروانە نەبی‌زادە" ناسراو بە زریان،پێشمەرگەی نێو ریزەکانی کۆمەڵە کە تووشی ڕووداوێکی دڵتەزێن ببوو، ڕۆژی هەینی ١٤ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ی هەتاوی دوای ٢٠ ڕۆژ مانەوە بەهۆی قووڵی برینەکانییەو لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر گیانی بەختکرد.

هاوڕێ زریان، کچی کاک کەریم و دایە بەدریە، ساڵی ١٣٨١ی هەتاوی لە کۆشی بنەماڵەیەکی زەحمەتکێشی شاری شنۆ لەدایک بوو.
هاوڕێ زریان وەک هەزاران کچی دیکە لە ئێران،قوربانی منداڵ_هاوسەری بوو و هەربۆیەش ئەزموونی ژیانی ناسەرکەوتووانەی هاوبەشی و زۆڵم و زۆرێک کە لە لایەن هاوسەرەکەیەوە بەرانبەری دەکرا وایلێکرد لەگەڵ ڕاستییە تاڵەکانی کۆمەڵگە ئاشنا بێت؛ ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا ستەمی چینایەتی و نەتەوەیی و بە تایبەتی ستەم لەسەر ژنان بە شێوەیەکی ئاشکرا،ڕوون و ساختاریی بەدیدەکرێت.
هاوڕێ زریان هەر لە تەمەنی کەمەوە بوو بە دایکی دوو منداڵ بە ناوەکانی ئەوین و ئاوان.
ژیانی کەسیی هاوڕێ زریان ئاوێنەی باڵانوێنی هەزاران ژنی چەوساوە و ژێرستەمی سیستەم و کلتووری پیاومەزنی ئێران و کوردستان بوو، هەر ئەو دەرد و ڕەنجانەش وایکرد هەست بەو نابەرابەری و زوڵم و زۆرانە بکات و نەتەنیا بەرانبەریان سەردانەنوێنێ بەڵکوو دژیان بوەستێتەوە و لە نێو تەوژمی ئەو ساختارە چەوسێنەرە دەلاقەیەک ببینێتەوە ڕوو بە ئاسۆیەکی روون و دونیایەکی یەکسان و بەرابەر.
هاوڕێ زریان لە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٠٨/٣٠ی زایینی پەیوەست بە ڕیزەکانی کۆمەڵە بوو و وەک ژنێکی ئازا و یەکسانیخواز، ئاگاهانە و بوێرانە ڕێگەی پڕ لە دژواری و لە هەمانکاتدا پڕ لە شانازیی خەبات و تێکۆشانی دژ بە کۆماری ئیسلامی هەڵبژارد.
هاوڕێ زریان پێشتر بۆ ماوەیەک لە ریزی کۆمەڵە_ ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پێشمەرگایەتی کردبوو بەڵام دواتر تا دواهەناسەکانی ژیانی، پابەندانە لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان مایەوە و بەردەوام بوو لە موبارزە و تێکۆشان.
مەرگی هاوڕێ زریان لە بەرەبەرەی ڕۆژی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان، تەنیا نەمانی تاکێکمان پێ ناگەیەنێت؛ بەڵکوو نیشانەی ئەو برین و ئازارانەیە کە سیستەمی سەرکوتکاری کۆماری ئیسلامی بەسەر ژنان و کۆمەڵگادا سەپاندوویەتی و ئەمە جارێکی‌تر پێویستیی خەبات بۆ ئازادی، یەکسانی و ڕزگاریی مرۆڤمان بۆ دەردەخات.
مەرگی ناوادەی هاوڕێ زریان خەمێکی قووڵی خستە نێو دڵی هەموو هاوڕێیان و بنەماڵە و کەس و کاری، و هەروەها دوو منداڵەکەشی لە نێعمەتی "دایک" بێبەری کرد.
سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە، پرسە و سەرەخۆشی گەرمی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی هاوڕێ زریان بەتایبەتی دوو منداڵە چکۆلەکانی، هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی و خزم و کەس و کار و خەڵکی تێکۆشەری شاری شنۆ و عەشرەتی هەرکی دەکات و هیوادارین کۆتا خەم و پەژارەیان بێت.
یاد و ناوی هاوڕێ پەروانە نەبی‌زادە ناسراو بە زریان، لە بیر و زەینی خەڵکی خەباتکاری کوردستاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
٨ی مارسی ٢٠٢٦ی زایینی
١٧ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ی هەتاوی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر