ایران نیوز

سه‌شنبه، اردیبهشت ۱۰، ۱۳۹۲

راگه‌یاندنی‌ کۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندیی‌ کۆمه‌ڵه‌ به‌بۆنه‌ی‌ رۆژی‌ جیهانی‌ کرێکاران

ئه‌مساڵ‌ کرێکارانی‌ کوردستان و هه‌موو ئێران له‌ بارودۆخێکدا به‌ره‌وپیری‌ رۆژی‌ جیهانیی‌ کرێکار ده‌چن که‌ یه‌کێک له‌ دژوارترین ساته‌کانی‌ ژیانیان تێپه‌ڕ ده‌که‌ن. قه‌یرانی‌ و ئابووری‌ بێکاری‌ و گرانی‌ له‌راده‌ به‌ده‌ر، که‌ هه‌موویان ده‌سکرد و به‌رهه‌می‌ سیاسه‌تی‌ رژیمی‌ کۆماری‌ ئیسلامین، ته‌نگی‌ به‌ میلیۆنه‌ها بنه‌ماڵه‌ی‌ کرێکار و زه‌حمه‌تکێش و که‌م داهات هه‌ڵچنیوه‌ و نوقمی‌ هه‌ژارییه‌کی‌ بێ‌وێنه‌ی‌ کردوون


به‌گوێره‌ی‌ ئاماره‌کانی‌ خودی‌ ده‌زگا ره‌سمییه‌کان، پتر له‌ سی‌ میلیۆن له‌ دانیشتووانی‌ ئێران به‌هۆی‌ ئه‌م سیاسه‌تانه‌وه‌ به‌ره‌و ژێر هێڵی‌ هه‌ژاری‌ شۆڕ بوونه‌ته‌وه‌. بۆ نموونه‌ ئه‌مساڵ‌ لانی‌ که‌می‌ هه‌قده‌ست ٤٨٧ هه‌زار تمه‌ن له‌مانگدا دیاری‌ کراوه‌، له‌حاڵێکدا به‌گوێره‌ی‌ لێکدانه‌وه‌ی‌ ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان داهاتی‌ که‌متر له‌ یه‌ک میلیۆن و دووسه‌ت هه‌زار تمه‌ن له‌مانگدا به‌ ژێر هێڵی‌ هه‌ژاری‌ له‌ قه‌ڵه‌م دراوه‌. کاره‌سات ئه‌وه‌یه‌ که‌ ته‌نانه‌ت ئه‌و هه‌قده‌سته‌ ناچیزه‌ش زۆر جار له‌کاتی‌ خۆیدا نادرێت و بۆ مانگه‌ها وه‌دوا ده‌که‌وێت. له‌راستیدا، زۆرایه‌تییه‌کی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ دانیشتووانی‌ ئه‌م وڵاته‌ بۆ دابین کردنی‌ سه‌ره‌تاییترین پێداویستییه‌کانی‌ ژیانێکی‌ سه‌رده‌میانه‌ له‌ حاڵی‌ په‌له‌قاژه‌ دان به‌ڵام که‌مایه‌تییه‌کی‌ زۆر که‌م له‌ مافیای‌ ده‌سه‌ڵاتدار ده‌ستی‌ به‌سه‌ر هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانی‌ وڵاتدا گرتووه‌.
له‌سایه‌ی‌ سیاسه‌ته‌کانی‌ ئه‌م رژیمه‌دا پووڵی‌ ئێران نرخی‌ نه‌ماوه‌ و له‌چاو هه‌موو دراوه‌ جیهانییه‌کان به‌توندی‌ دابه‌زیوه‌. ئه‌مه‌ش گرانییه‌کی‌ یه‌کجار زۆر، له‌کیس چوونی‌ وزه‌ی‌ کڕینی‌ بنه‌ماڵه‌کان و هه‌ر وه‌ها داخرانی‌ کارخانه‌ و کارگه‌کان و به‌گشتی‌ په‌ک که‌وتنی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ لێکه‌وتۆته‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ش به‌نۆبه‌ی‌ خۆی‌ بۆته‌ هۆی‌ بێکارییه‌کی‌ به‌لێشاو به‌ پانتایی‌ هه‌موو ئێران و رووخاندنی‌ هه‌رچی‌ زیاتری‌ بناغه‌کانی‌ گوزه‌رانی‌ بنه‌ماڵه‌ کرێکاری‌ و که‌م داهاته‌کان.
سه‌رباقی‌ هه‌موو ئه‌و دژوارییانه‌ش، بێمافی‌ سیاسی‌ و سینفی‌ کرێکاران له‌ژێر سایه‌ی‌ رژیمێکی‌ دیکتاتۆریدا، رێگه‌ی‌ له‌ پێکهێنانی‌ رێکخراوه‌ کرێکارییه‌کان گرتووه‌ که‌ بتوانن له‌م بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌دا به‌هانای‌ کرێکارانه‌وه‌ بچن و به‌ یه‌کگرتوو کردنی‌ کرێکاران ناوه‌ندگه‌لێک بۆ داکۆکی‌ له‌ مافی‌ کرێکاران پێک بێنن. به‌پێچه‌وانه‌، توندوتیژی‌ به‌دژی‌ کرێکاران، گرتن و راپێچکردنی‌ هه‌ڵسووراوانی‌ کرێکاری‌ له‌ ئێران و له‌ کوردستان و رێگری‌ له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ هه‌وڵێک بۆ یه‌کگرتوویی‌ کرێکاران و بنیاتنانی‌ سه‌ندیکا کرێکارییه‌کان زیاتر له‌ جارانیش درێژه‌ی‌ هه‌یه‌.
له‌ وه‌ها هه‌لومه‌رجێکدا کرێکارانی‌ کوردستان بارودۆخێکی‌ ناله‌بارتریشیان هه‌یه‌. هه‌ڵاواردنی‌ ئابووری‌، نه‌بوونی‌ سه‌رمایه‌گوزاریی‌ پێویست له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، نه‌بوونی‌ پرۆژه‌ی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ ئابووری‌ و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و نه‌بوونی‌ ناوه‌نده‌کانی‌ سه‌نعه‌ت و به‌رهه‌مهێنان له‌ کوردستان، بۆته‌ هۆی‌ بێکاری‌ زیاتر و و هه‌روه‌ها روانینی‌ ئه‌منییه‌تی‌ بۆ کوردستان بۆته‌ هۆی‌ دواکه‌وتوو هێشتنه‌وه‌ی‌ کوردستان و گه‌شه‌ نه‌کردنی‌ رێکخراوه‌ و سه‌ندیکا کرێکارییه‌کان.
به‌ڵام به‌ هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌وه‌، کرێکاران ده‌ستیان له‌ خه‌بات له‌پێناو مافه‌ ره‌واکانیان هه‌ڵنه‌گرتووه‌. هه‌وڵدان بۆ پێکهێنانی‌ سه‌ندیکا و رێکخراوه‌ کرێکارییه‌کان، خه‌بات بۆ چه‌سپاندنی‌ قه‌راردادی‌ ده‌سته‌ جه‌معی‌، خه‌بات بۆ وه‌رگرتنی‌ هه‌قده‌ستی‌ دواکه‌وتوویان و داخوازییه‌کانی‌ دیکه‌، له‌ ئێران و له‌ کوردستان درێژه‌ی‌ هه‌بووه‌ و توانیویه‌تی‌ کۆمه‌ڵێک ده‌سکه‌وتیش بۆ کرێکاران دابین بکات. جه‌ژن گرتنی‌ رۆژی‌ یازده‌ی‌ مانگی‌ گوڵان وه‌کوو رۆژی‌ جیهانیی‌ هاوخه‌باتی‌ و هاوپشتی‌ کرێکاران یه‌کێک له‌و رێ‌وره‌سمانه‌یه‌ که‌ سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو به‌ربه‌ستێک کرێکارانی‌ کوردستان به‌رێوه‌یان بردووه‌ و وه‌کوو سوننه‌تێکی‌ خه‌باتکارانه‌ زیندوو رایانگرتووه‌ و بێگۆمان ئه‌مساڵیش درێغی‌ ناکه‌ن و به‌شێوه‌گه‌لی‌ جۆراوجۆر ئه‌م رێ‌وره‌سمه‌ به‌رز راده‌گرن. له‌م رۆژه‌دا جێی‌ خۆیه‌تی‌ که‌ له‌ مافی‌ کۆڵبه‌رانی‌ زه‌حمه‌تکێشی‌ کوردستان به‌گه‌رمی‌ پشتیوانی‌ بکرێ‌ و هه‌ر چه‌شنه‌ توندوتیژی‌ و ره‌فتارێکی‌ ناره‌وا له‌حاست ئه‌وان له‌لایه‌ن هێزه‌ سه‌رکوتگه‌رانی‌ کۆماری‌ ئیسلامییه‌وه‌ مه‌حکووم بکرێت. له‌م رۆژه‌دا ده‌بێ‌ پشگیری‌ خۆمان بۆ هه‌ڵسووڕاوانی‌ کرێکاری‌ که‌ ئێستا له‌سه‌ر داکۆکی‌ له‌ مافی‌ هاوکاره‌کانیان له‌ زیندان دان ته‌ئکید بکه‌ینه‌وه‌ و سه‌ردان و ده‌ستگرۆیی‌ بنه‌ماڵه‌کانیان بکه‌ین. هه‌روه‌ها جێی‌ خۆیه‌تی‌ له‌م رۆژه‌دا له‌ هه‌موو کرێکارانی‌ زیندانی‌ له‌سه‌ر هاوخه‌باتی‌ کرێکاران له‌گه‌ڵ‌ موعه‌لیمان، خوێندکاران، ژنان و هه‌موو بزووتنه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ره‌وا و پێشکه‌وتنخوازه‌کانی‌ دیکه‌ پێداگری‌ بکرێته‌وه‌ و ئه‌و راستییه‌ ده‌ستنیشان بکرێته‌وه‌ که‌ ته‌نیا به‌ هه‌ڵپێکانی‌ سه‌رجه‌می‌ بزووتنه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌ که‌ ده‌کرێ‌ رژیمی‌ کۆماری‌ ئیسلامی‌ هه‌لپێچرێت و دوارۆژێکی‌ گه‌ش بۆ جه‌ماوه‌ری‌ به‌رینی‌ کۆمه‌ڵگا ده‌سته‌به‌ر بکرێ‌.
له‌کۆتاییدا به‌بۆنه‌ی‌ یازده‌ی‌ گوڵان، یه‌کی‌ مانگی‌ مه‌ی‌، رۆژی‌ کرێکاره‌وه‌ گه‌رمترین پێرۆزبایی‌ پێشکه‌ش به‌ هه‌موو کریکاران ده‌که‌ین و به‌تایبه‌ت ده‌ستی‌ ماندوویی‌نه‌ناسی‌ خه‌باتکارانی‌ کرێکاری‌ کوردستان ده‌گووشین و سه‌رکه‌وتنیان به‌ئاوات ده‌خوازین.
پیرۆز بێت رۆژی‌ جیهانی‌ کرێکار
بژی‌ هاوخه‌باتی‌ و هاوپشتی‌ کرێکاران
برووخێ‌ رژیمی‌ دژه‌کرێکاری‌ کۆماری‌ ئیسلامی‌
کۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندیی‌ کۆمه‌ڵه‌ی‌ شۆڕشگێڕی‌ زه‌حمه‌تکێشانی‌ کوردستانی‌ ئێران
٩ی‌ گوڵانی‌ ١٣٩٢ی‌ هه‌تاوی‌، ٢٩ی‌ ئاپریلی‌ ٢٠١٣ی‌ زایینی‌

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر