![]() |
مەسعود بارزانی و جۆن بیڕد |
وەزیری دەرەوەی كەندا پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دەردەبڕێت و دەڵێت:" شانبەشانتان دەبین لەشەڕی تیرۆریستاندا بۆ ئەوەی سەربكەون و وڵاتێكی ئازاد و سەقامگیر و ئاشتیخواز بنیات بنێن".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی ئەیلولی 2014، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جۆن بیڕد، وەزیری دەرەوەی كەنەدا و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاری ئەو وڵاتەو باڵیۆزی كەنەدا لە عێراق كۆبوونەوە. بە گوێرەی راگەیێندراوی كۆبوونەوەكە، جۆن بیڕد گوتوویەتی: گەلی كەنەدا و حكومەت و لایەنەكانی
ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەكەی ئامادەن پاڵپشت و هاوكاری كوردستان بن لە شەڕی دژی تیرۆردا، لەگەڵتانین و شانبەشانتان دەبین لەشەڕی تیرۆریستاندا بۆ ئەوەی سەربكەون و وڵاتێكی گشتگیر و ئازاد و سەقامگیر و ئاشتیخواز بنیات بنێن".
وەزیری دەرەوەی كەنەدا ئاماژەی بەوەداوە كە وڵاتەكەی و جیهانی ئازاد بە هیچ شێوەیەك وەحشیگەریی تیرۆریستان قبوڵ ناكەن و نیگەرانیی خۆیشی نیشانداوە لەمەڕ ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق، بە تایبەت ئەو شوێنەی كە جێگەی ئومێدی هەموو لایەكە. هەروەها هێمای بە نێودەوڵەتیبوونی هەڕەشەی تیرۆرداوە و شەڕكردنی لەدژی تیرۆری بە ئەركێكی هەموو لایەك زانیوە.
لە بەرامبەردا مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە:" ئەو سەردانە پەیامێكی بەهێزی گەلی كەنەدایە بۆ خەڵكی ئێمە كە لەم شەڕەدا كوردستان لەسەر رێگەی راستە و تەنیا نییە و سوپاسی حكومەت و گەلی كەنەدا و جیهانی ئازادی كرد كە پاڵپشتی گەلی كوردستانن لەشەڕی تیرۆریستاندا". بارزانی هێمای بەوەشداوە كە جێگەی شانازییە پێشمەرگە و گەلی كوردستان لەبری جیهانی ئازاد و بۆ پاراستنی بەها مرۆڤییەكان شەڕی تیرۆریستانی دەكات.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەشی گوتووە:" 10 ساڵە لە ژێر ئابلوقەداین و بەو ئیمكانیاتە متەوازەعەی لە دەستی پێشمەرگە دایە بە ئیرادەی خۆی توانی رێگە لە پێشڕەویی دەوڵەتێكی پڕچەكی تیرۆریستی بگرێت و ئێستا لە بەرەكانی شەڕ دەستپێشخەری لەدەستی پێشمەرگەیە و هێزە سەرەكییەكانی داعش گورزی كاریگەرییان بەركەوتووە، بە یارمەتیی دۆستان و جیهانی ئازاد پێشمەرگە لە شەڕكردن و تێكشكاندن و راوەدونانی تیرۆریستان بەردەوام دەبێت".
بارزانی ئەوەیشی شیكردووەتەوە كە ئاستی كارەسات و ژمارەی ئاوارەكان ئەوەندە بەرزە كە لە تواناكانی هەرێمی كوردستان تێپەڕیوە و تەنانەت بەهۆی بوونی ئاوارەكان لەناو قوتابخانەكان گرفت بۆ پرۆسەی خوێندنی قوتابیان دروستبووە، "چارەسەری سەرەكیی ئەوەیە بتوانرێت ئاوارەكان بۆ شوێنەكانی خۆیان بگەڕێنەوە و بشپارێزرێن".
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر