ایران نیوز

شنبه، مهر ۱۲، ۱۳۹۳

بارزانی: پێشمەرگە شەڕ لەگەڵ هێزێک دەکات کە سوپای دوو وڵاتی تێکشکاندووە

رووداو - هەولێر
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختدەکاتەوە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە زۆر شوێن هێرشەکانی چەکدارانی داعشیان تێکشکاندووەو دەڵێ "ئەم شەڕە بۆ کوردستان شەڕی مان و نەمانە بەرانبەر هێزێک کە پێشتر سوپای دوو وڵاتی تێکشاندووە و پێشکەوتووترین چەکی ئەو دوو سوپایەی بۆ پەلاماردانی کوردستان کەوتە دەست".
بارزانی لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانەوە بڵاویکردووەتەوە پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەكان و سەرجەم موسڵمانانی عێراق و جیهان دەكات.


بارزانی لەو پەیامەدا دەڵێ : "هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئێستا بە نوێنەرایەتیی هەموو مرۆڤایەتی شەڕی ئەو هێزە تیرۆریستییە دەکات و بەهۆی بەها بەرزەکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بڕوابوونمان بە دیموکراسی و ئازادی هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانییکردن لە گەلەکەمان هاتەکایەوە و خۆشبەختانە ئێستا ئەو هاوپەیمانێتییە هەوڵەکانی بۆ ڕیشەکێشکردنی تیرۆریستان چڕ کردۆتەوە".

دەقی پەیامەکەی بارزانی

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز، پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان و سەرجەم موسڵمانانی عێراق و جیهان دەكەم. پیرۆزبایی شەرەفی بەرگریكردن و قوربانیدان لە خانەوادەی ئەو شەهیدە سەربەرزانە و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم كە بە گیانی پیرۆزی خۆیان كوردستان و بەها پیرۆزەكانی مرۆڤایەتیان پاراست و دەیپارێزن.

جەژنی ئەمساڵ لە کاتێکدایە کە گەل و وڵاتەکەمان لە شەڕێکی چارەنووسسازدایە بەرانبەر تیرۆریستان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەرکەوتنی گەورە بەسەر تیرۆریستاندا تۆمار دەکەن. ئەم شەڕە بۆ کوردستان شەڕی مان و نەمانە بەرانبەر هێزێک کە پێشتر سوپای دوو وڵاتی تێکشاندووە و پێشکەوتووترین چەکی ئەو دوو سوپایەی بۆ پەلاماردانی کوردستان کەوتە دەست، بەڵام پێشمەرگە گیانلەسەردەستەکانی کوردستان توانیان لە بەرانبەریاندا بوەستن و لە زۆر شوێن تێكیانبشكێنن.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئێستا بە نوێنەرایەتیی هەموو مرۆڤایەتی شەڕی ئەو هێزە تیرۆریستییە دەکات و بەهۆی بەها بەرزەکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بڕوابوونمان بە دیموکراسی و ئازادی هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانییکردن لە گەلەکەمان هاتەکایەوە و خۆشبەختانە ئێستا ئەو هاوپەیمانێتییە هەوڵەکانی بۆ ڕیشەکێشکردنی تیرۆریستان چڕ کردۆتەوە.

هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی سەرکەوتنی زیاتری گەلەکەمان و كوردستانیش لە پێشکەوتن و ئاوەدانی و ئارامی بەردەوام بێت.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
9 ذوالحجە/1435ـی كۆچی
3ـى تشرینی یەكەم/ 2014 زایینی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر