ایران نیوز

دوشنبه، اردیبهشت ۲۷، ۱۳۹۵

دەوڵەتی کوردی، 100 ساڵ دوای رێکكەوتنی سایکس-پیکۆ

دوای 100 ساڵ لە رێككەوتنی سایکس-پیکۆ كە بە هۆیەوە خاكی كوردەكان لەچوارچێوەی زەوییەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانی لەلایەن وڵاتانی زلهێزەوە دابەشكرا، بەرپرسانی كورد لەهەرێمی كوردستان جەخت لە كۆتایی هێنان بەو رێككەوتنە دەكەنەوەو ئامادەكاریی بۆ ریفراندۆم دەكەن. 
رێکكەوتنی نهێنی سایکس-پیکۆ لە 19ی گوڵانی ساڵی 1916 لە نێوان بەریتانیا، فەرەنسا و روسیا بۆ دابەشکردنی ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی ئیمپراتوری عوسمانی بەسترا. مارک سایکس، ئەفسەرێکی بریتانیا و جۆرج پیکۆ، ئەفسەرێکی فەرانسی، سنورەکانی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئیمپراتوری عوسمانی-یان دەستنیشان کرد و هەر بۆیە ئەو رێکەوتنە بە رێکەوتنی سایکس-پیکۆ ناسراوە.  
لە رێکەوتنی سایکس-پیکۆ بە هیچ شێوەیەک باسی کوردستان نەکرا، بەڵکو گرنگی ئەو رێکەوتنە بۆ کوردەکان لایەنی سیاسی هەیە و پاش سەد ساڵ ئەگەری ئەوە هەیە بە بڕیاری کوردەکان سایکس-پیکۆیەکی دیکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێكبێ و هەرێمی کوردستان ببێ بە دەوڵەت.
  مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە مانگی تشرینی ساڵی ڕابردوو لە کاتی گرتنەوەی شەنگال بە پێگەی گاردیان
 ڕایگەیاند کە "پێویستە رێکەوتنی سایکس-پیکۆ کە سنورەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەراستی پێکهێناوە کۆتایی پێبێت و سەرکردەکانی جیهان خۆیان بۆ سنوری تازە بە هەبوونی دەوڵەتی کوردی ئامادە بکەن." 

ئیمپراتۆری عوسمانی لە شەڕی یەکەمی جیهانی لە بەرەی ئەڵمانیا دا شەڕی کرد و فەرەنسا و بریتانیا لە یەک بەرەدا شەڕیان دەکرد و پێش تەواوبوونی شەڕ باسی دابەشکردنی ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی عوسمانی دەکرا.

 بە پێی رێکەوتنی سایکس-پیکۆ فەرەنسا کۆنترۆڵی ناوچەکانی سوریا و لوبنانی دەکرد و بەریتانیا کۆنترۆڵی عیراق و ئوردونی دەکرد. روسیا لەو رێکەوتنە ئاگادار بوو و بریار بوو لە دوای تەواوبوونی شەڕی یەکەمی جیهانی، کۆنترۆلی ئیستانبۆل و ئەرمەنستان بکات.

 رێکەوتنی سایکس-پیکۆ سەرەتای دروستبوونی پێنج وڵاتی عیراق، سوریا، ئوردون، لوبنان و ئیسرائیل بوو. ئێستا سنوورەکانی عیراق و سوریا لە مەترسی لەناوچوون دان و زۆر ڵایەن باس لە لەناوچوونی سنورەکانی سایکس-پیکۆ دەکەن.  

لە ساڵی 2014 کە داعش پارێزگای موسڵی کۆنترۆڵ کرد و ڕایگەیاند کە ئەوان سنورەکانی رێکەوتنی سایکس-پیکۆیان لەناوبردوە، بەڵام سنورەکانی رێکەوتنی سایکس-پیکۆ بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1919 دەستکاری کران. لە رێکەوتنی سایک-پیکۆ، بڕیار درابوو کە ویڵایەتی موسڵ کە هەرێمی کوردستانی ئێستاشی دەگرتەوە، بەشێک بێت لە سوریا و بەمشیوەیە دانیشتووانی سوننی سوریا زیاتر بکرێت. سنوورەکانی دیاریکراو لە رێکەوتنی سایکس-پیکۆ بۆ ویڵایەتی موسڵ لە دانیشتنی ئاشتی پاریسی لە ساڵی 1919 دەستکاری کران و ویڵایەتی موسڵ وەک بەشێک لە عیراق دانرا. 

زلهێزەکان لە دیاریکردنی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەرژەوەندی خۆیان لەبەرچاو دەگرت. بریتانیا لە موسڵ نەوتی دۆزیبۆوە و دەیویست کۆنترۆلی عیراق و ئوردون بکات بۆ ئەوەی رێگایەکی وشکایی بۆ گواستنەوەی نەوت هەبێت. 

رێکەوتنی سایکس-پیکۆ بە پلەی یەکەم خیانەتێک بوو لە دژی عەرەبەکان. لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 1916 لە نێوان هێنری مەکماهان، کۆمیساریای بالای بریتانیا لە قاهیرە و  شەریف حوسێن، باوکی شا فەیسەڵی عیراق و شا عەبدوڵای ئوردون، چەند نامەیەک ئالۆگۆر کرا و بریتانیا لەبەرامبەر شەری عەرەبەکان لە دژی عوسمانی بەلێنی بە شەریف حوسێن دا کە زۆربەی ناوچە عەرەبەکانی ژێرکۆنترۆلی عوسمانی ببێتە یەک وڵات و شەریف حوسێن وەک شای ئەو وڵاتانە دیاری بکرێت. لە نامەکانی نێوان شەریف حوسێن و مەکمهان بڕیار بوو فەلەستین بدرێ بە عەرەبەکان و بریتانیا لە تشرینی دووەمی ساڵی 1917 بەڵگەنامەی بالفور-ی پەسەند کرد کە باسی لە پێکهێنانی "مالێکی نەتەوەیی بۆ جوولەکەکان" دەکرد و رێگای بە کۆچی جوولەکەکان بۆ فەلەستین دەدات. واتە بریتانیا لە لایەک لە رێکەوتنی سایکس-پیکۆ، سوریا و لوبنانی بە فەرەنسا دابوو و لە لایەکی دیکە بەلێنی دانی سوریا و لوبنانی بە شەریف حوسێن دابوو.

ئەوەی دەرهەق بە رێکەوتنی سایکس پیکۆ بە بەردەوامی ڕەخنەی لێدەگیرێ ئەوەیە کە سێ وڵاتی بریتانیا، فەرەنسا و روسیا بە نهێنی بڕیاری دابەشکردنی رۆژهەڵاتی ناوەراستیان داوە، بەڵام ئەوە لە حالێکدایە کە ئەڵمانیا و ئیمپراتوری عوسمانیش رێکەوتنیان نهێنیان هەبوو لەسەر ئەوەی دوای سەرکەوتن چۆن ناوچەکان دابەش بکەن و ئیمپراتوری عوسمانی داوای ناوچەکانی باڵکانی دەکرد کە پێش ساڵی 1914 لەدەستی دابوو. 

بە پێی پێگەی تەلێگراف، زۆرێک لە مێژوونوسان باس لەوە دەکەن کە رێکەوتنی سایکس-پیکۆ لە 23 تشرینی دووەمی ساڵی 1917 و دوای روودانی شۆرشی کۆمۆنیستی لە روسیا لە لایەن ڤلادیمیر لێنین ئاشکرا کرا، بەڵام لەراستیدا پێنج مانگ پێشتر سایکس و پیکۆ سەفەریان بۆ جەدە کرد و لەگەڵ شەریف حوسێن دیداریان کرد و لە رێکەوتنەکە ئاگاداریان کردەوە.  

ئێستا زۆر حکومەت و گرووپ، هەر کام بە مەبەستی تایبەت بە خۆیان، باس لە هەڵوەشانەوەی رێکەوتنی سایکس-پیکۆ دەکەن. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، زۆرجار هێرشی کردۆتە سەر رێکەوتنی سایکس-پیکۆ و وتویەتی کە گرفتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست سەد ساڵ لەمەوبەر بە واژۆکردنی ئەو رێکەوتنە دەستیپێکردوە. بە پێی پێگەی فرانس پرێس، ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆک وەزیرانی تورکیا، لە 29ی مانگی نیسان ڕایگەیاند کە لە کاتی واژۆکردنی سایکس-پیکۆ بە پێی پلانێک کە ناتەبا بوو لەگەڵ واقعی ناوچەکە، شارەکان، روبارەکان و لە هەمووی گرنگتر خەڵکی ئەو ناوچەیە لەیەکتر جیاکراون. تورکیا و بەتایبەتی ئەردۆغان خەون بە سەردەمی پێش لە سایکس-پیکۆ دەبینن و دەیانهەوێ دەسەڵاتی تورکیا لە ناو وڵاتانی موسڵمان و لە رۆژهەڵاتی ناوەراست زیندوو بکەنەوە.  
بەڵام کوردەکان نایانهەوێت بگەرێنەوە بۆ پێش رێکەتنی سایکس پیکۆ و دەیانهەوێت سایکس-پیکۆیەکی نوێ بە ئیرادەی کوردەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست پێکبێت. بە پێی وتەکانی مەسعود بارزانی پێش لە بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەمریکا، هەرێمی کوردستان بۆ پێکهاتنی دەوڵەتی کوردی رێفراندۆم بەرێوە دەبات. 
تورکیا بە ئاشکرا دژایەتی دابەشکردنی سوریا و پێکهاتنی دەوڵەتێکی کوردی لە رۆژئاوا دەکات و لە بەرامبەر سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانیش بێدەنگی کردوە. 
لە ڵایەکی دیکە بەپرسانی حکومەتی ئێران پێداگری لەسەر یەکپارچەیی خاكی عیراق دەکات. کەمال خەرازی، سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژی بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکان لە نووسینگەی عەلی خامنەیی ڕابەری ئێران لە وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ خەنداندیزاینکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و گۆرانکاری لە نەخشەی ئێستای وڵاتان بە "هێڵی سوور" لەقەڵەم دا.

 بەشێك لە شارەزایانی سیاسی لەو بڕوایە دان کە ئەگەرچی ئەمریکا پێداگری لەوە دەکات کە کورد لە عیراقدا بمێنێتەوە و باڵانسی هێز لە نێوان سوننی و شیعەکان ڕابگرێت، بەڵام ئەمریکا لە ئەگەری بەرێوەچوونی ریفراندۆم هەوڵدەدات لەگەڵ واقعی نوێ هەڵسووکەوت بکات و کورد وەک دۆستێکی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست ڕابگرێت. 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر