بەرپرسانی سیستمی فیدراڵی دیموكراتی رۆژئاوا- باكوری سوریا، لەهەوڵی ئەوەدان فیدراڵی رۆژئاوای كوردستان فراوانتربكەن، ئەوەش بە لەخۆگرتنی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی داعش دەردەهێنرێن.
ئەو ناوچانەی لەئێستادا ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی بخرێنە چوارچێوەی فیدراڵییەوە، دەكەونە باكوری سوریا لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنیان لەلایەن شەڕڤانانەوە بەپاڵپشتی هاوپەیمانان دەستیپێكردووە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز، لەزاری بەرپرسێكی كوردەوە بڵاویكردۆتەوە ئەو فیدراڵییەتەی لەلایەن پارتەكانی كوردی سوریاو هاوپەیمانەكانیەوە پلانی بۆ دانراوە، بەشێوەیەكی خێرا فۆرمەڵەدەبێت و لەماوەی سێ مانگی داهاتوو یان زووتردا دەستووری هەرێمەكە دەبێت تەواو ببێتو دواتر پێویستە بەخێرایی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.
هەدیە یوسف، هاوسەرۆكی سیستمی فیدراڵی دیموكراتی رۆژئاوای كوردستان- باكوری سوریا بە رۆیتەرزی راگەیاندووە"بیرۆكەی لكاندنی ئەو خاكانەی تازە كۆنتڕۆڵكراونەتەوە بەسیستمی فیدراڵی رۆژئاواوە، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنێكی ناوخۆیدا تاوتوێكراوە كە دامەزرێنراوە بۆ بەڕێوەبردنی شاری مەنبەج هەركاتێ ئازادكرا".
سیستەمی فیدراڵی دیموكراتی لەرۆژئاوای كوردستانو باكوری سوریا، مانگی 3ی ئەمساڵ راگەیەندرا، دەستەیەكی دامەزرێنی لەكورد، عەرەب، مەسیحی، توركمانو ئەرمەنی بۆ پێكهێنرا.
هەدیە یوسف، هاوسەرۆكی سیستمی فیدراڵی دیموكراتی رۆژئاوای كوردستان- باكوری سوریا
هەدیە یوسف كە لەپشكی كورد لەو پۆستەدایە، رونیكردۆتەوە"ئێمە بیرۆكەیەكمان پێدان لەبارەی ئەو پلانەی كاری لەسەر دەكەین، خواستی خۆمان بۆ دەربڕین بەوەی شاری مەنبەج دوای ئازادكردنی بەشێك بێت لەناوچەی فیدراڵی دیمۆكراتی، بۆچوونێكی گەشبینانە هەبوو سەبارەت بە پێشنیارەكە و پلانەكەیان بەدڵ بوو".
ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مەنبەج 16 رۆژە بەردەوامی هەیەو لەو ماوەیەدا، شەڕڤانانی عەرەبو كورد بەپاڵپشتی بۆردومانی فرۆكە جەنگیەكانی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژ بەداعش، توانیویانە چەندین ناوچەی گرنگو ستراتیژی ئازادبكەنو لەئێستاشدا، بەتەواوەتی گەمارۆی قەزاكەیان داوە.
لەراپۆرتەكەی رۆیتەرزدا هاتووە، لەكاتێكدا گروپە كوردییەكان سورن لەسەرئەوەی ئەو هەنگاوە هەوڵێكی سەربەخۆیی نیەو بۆ ئەوەیە دوبارە نەخشەی سوریا بكێشرێتەوە، بەڵام دیپلۆماسییەتی نەتەوە یەكگرتووەكان شكستیهێناوە لە هەر پێشكەوتنێك ڕووەو كۆتایی پێهێنانی ئەو شەڕەی لەسوریا هەیە.
شەڕو بارگرژیەكانی سوریا لەساڵی 2011وە بەردەوامی هەیەو لەچەند ساڵی رابردووشدا، كورد توانی زۆربەی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان لەدەست رژێمی ئەو وڵاتەو گروپە توندڕەوەكان ئازادبكات، دواتر سێ كانتۆنی (كۆبانێو عەفرینو جزیرە)ی دامەزراند بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەكان.
فراوانبوونی دەسەڵاتی كورد لەباكوری سوریاو رۆژئاوای كوردستان، بەردەوامی جێگەی ناڕەزایی توركیا بووەو لەدەستپێكی شەڕی مەنبەجیشەوە، ئەو وڵاتە هۆشداری توندی داوە لەدەسەڵاتی كورد لەو ناوچانەی ئازاد دەكرێن.
رۆیتەرز ئاماژەی بەوەكردووە، كوردانی سوریا ئەوەیان نەشاردۆتەوە كە مەبەستیانە بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری مەنبەج، دوو كانتۆنی سەربەخۆی جزیرە و كۆبانی بلكێنن بەكانتۆنی عەفرین لەوپەڕی رۆژئاوای سوریا.
ئەوەی كوردانی سوریا لەوە دوورخاتەوە، تەنیا 80 كیلۆمەتر خاكە بەدرێژایی سنوری توركیا كە لەژێر دەسەڵاتی چەكدرانی داعشدایە لەنزیك شارۆچكەی مەنبەج، هەروەها لەوپەڕی رۆژئاوا هەندێك گروپی یاخی بە پاڵپشتی توركیا دژایەتی یەپەگە دەكەن.
شارۆچكەی مەنبەج سەر بە پارێزگای حەلەب دووەم گەورەترین شارۆچكەی سوریایەو لەسەر رێگای نێودەوڵەتییە كە شاری حەلەبو كانتۆنی كۆبانیو پارێزگای رەققەو حەسەكە پێكەوە دەبەستێتەوەو دەگاتە سنوری عیراق و هەرێمی كوردستانیش.
هەدیە یوسف ئاشكرایكردووە، كە چەند كۆبونەوەیەك لەگەڵ ئەمریكاو روسیاو وڵاتانی ئەوروپادا ئەنجامداوە، بۆ ڕونكردنەوەی پلانەكەو دڵنیاكردنەوەیان كە ئامانجی پلانەكە دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ نییە.
هەروەها نامەی ڕاستەوخۆ نێردراوە بۆ باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكاو ستیفان دی میستۆرا، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سوریا.
هاوسەرۆكی سیستمی فیدراڵی دیموكراتی رۆژئاوای كوردستان- باكوری سوریا جەختیكردەوە "ئێمە كاردەكەین بۆ بردنەوەی پشتگیری نێودەوڵەتیو ناوخۆییو ناوچەكە"، ئەوەشی رونكردووەتەوە كە دەستوری رۆژئاوا ناوی "گرێبەستی كۆمەڵایەتی دەبێت"و هەر ناوچەیەك كە ببێتە بەشێك لەو سیستمە، دەبێت بەو گرێبەستە رازی بێت.
ئەوەی تائێستا بۆ فیدراڵی رۆژئاوا یەكلایینەكراوەتەوە، چەند پرسێكە لەوانە دانانی ئاڵایەكی نوێ كە لەگەڵ ئاڵای سوریادا هەڵبكرێت، هەروەها شوێنی سەرەكی پەرلەمانی رۆژئاواو سنوری ئیداریی ناوچەكانی سیستمە فیدراڵییەكە.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر