ایران نیوز

جمعه، خرداد ۲۸، ۱۳۹۵

ده‌میرتاش: ده‌بێت هه‌ڵۆكانی ئازادی كوردستان خۆیان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆكی پارتی‌ دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) داوای‌ له‌هه‌ڵۆكانی‌ ئازادی‌ كوردستان (تاك) كرد خۆیان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌‌و جه‌ختیشیكرده‌وه‌، ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌و كرده‌وه‌ توندوتیژییانه‌دا نین كه‌ هاوڵاتیانی‌ سڤیل ده‌كه‌نه‌ ئامانج.
ئه‌و داوایه‌ی‌ هاوسه‌رۆكی‌ گه‌وره‌ترین پارتی‌ كورد له‌توركیا دوای‌ ئه‌وه‌هات،

هه‌ڵۆكانی‌ ئازادی‌ كوردستان (تاك) له‌رۆژانی‌ رابردوو به‌رپرسیارێتی‌ خۆی‌ له‌چه‌ند ته‌قینه‌وه‌‌و كرده‌وه‌یه‌كی‌ خۆكوژی‌ راگه‌یاند، كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ له‌پاڵ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ توركیادا هاوڵاتیانی‌ مه‌ده‌نیش بوونه‌ قوربانی‌.

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، له‌چوارچێوه‌ی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ بۆ برۆكسل چاوپێكه‌وتنێكی‌له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ری بی بی سی ئه‌نجامداوه‌‌و جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و چالاكییانه‌ی‌ رێكخراوی هه‌ڵۆكانی ئازادی كوردستان كه‌ تێیدا خه‌ڵكانی سڤیل ده‌بنه‌ قوربانی، "چالاكی تیرۆریستین".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی‌ رونیكرده‌وه‌ "له‌ده‌ره‌وه‌ی ئێمه‌ هیچ حزبێك به‌قه‌د ئێمه‌ به‌توندی‌و راسته‌وخۆ ره‌خنه‌یان له‌(تاك) نه‌گرتووه‌‌و هۆشدارییان پێنه‌داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ چالاكیه‌كانی كۆتایی پێبهێنێت‌و بیوه‌ستێنێت".

هه‌ڵۆكانی ئازادی‌ كوردستان، له‌دواین په‌یامیاندا به‌رپرسیارێتی‌ خۆیان له‌ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ 7ی‌ ئه‌م مانگه‌ی‌ شاری‌ ئه‌سته‌نبوڵ راگه‌یاند، كه‌ له‌نزیك‌ بنكه‌یه‌كی‌ پۆلیس له‌ناوچه‌ی‌ به‌یازیت له‌رێی‌ ئۆتۆمبیلێكی‌ بۆمبڕێژكراوه‌وه‌ ئه‌نجامدرا‌و به‌هۆیه‌وه‌ 11 كه‌س كوژران‌و 36 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش ده‌ڵێت "وه‌كو هه‌ده‌په‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و چالاكیه‌ تیرۆریستیانه‌ی‌ خه‌ڵكی سڤیل ده‌كه‌نه‌ ئامانج قبوڵی‌ ناكه‌ن‌و چاوی‌ لێناپۆشین".

له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ده‌په‌ داوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ رێكخراوی‌ تاك-ی‌ كردووه‌، هاوسه‌رۆكی‌ هه‌ده‌په‌ وتی‌ "بێگومان، رێكخراوێكی به‌م شێوه‌یه‌ هیچ سوودێكیان بۆ كه‌س نیه‌‌و زیانی هه‌بووه‌".

هه‌ڵۆكانی ئازادی كوردستان (تاك)، گروپێكی چه‌كداری پارتیزانیه‌‌و چه‌ندین كرده‌وه‌ی‌ جۆراوجۆری چه‌كدارییان له‌ناو خاكی توركیادا ئه‌نجامداوه‌.

له‌ماڵپه‌ڕی‌ فه‌رمی‌ هه‌ڵۆكانی ئازادی كوردستان‌و له‌پێنناسه‌ی‌ رێكخراوه‌كه‌دا هاتووه‌ "بۆ ماوه‌یه‌ك ئێمه‌ له‌ناو په‌كه‌كه‌ بووین‌و پێكه‌وه‌ شه‌ڕی دوژمنمان ده‌كرد، به‌ڵام دواتر بڕیارماندا شێوازی خه‌بات بگۆڕین بۆ كۆنگره‌ی گه‌ل‌و باڵی سه‌ربازی (هه‌په‌گه‌) كه‌ گرنگی زیاتری به‌كاری سیاسی ده‌دا، بۆیه‌ ئه‌و رێكخراوه‌مان به‌جێهیشت".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، پێشتر به‌رپرسانی‌ باڵای‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان (په‌كه‌كه‌) زیاد له‌جارێك دژایه‌تی‌ خۆیان بۆ ئه‌و كرده‌وانه‌ نیشانداوه‌ كه‌ هه‌ڵۆكانی‌ ئازادی‌ كوردستان ئه‌نجامیده‌ده‌ن، ره‌تیانكردووه‌ته‌وه‌ ئه‌و كرده‌وانه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نی‌ ده‌كوژێت په‌یوه‌ندی‌ به‌په‌كه‌كه‌وه‌ هه‌بێت.

له‌وانه‌ش ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ مانگی‌ حه‌وتی‌ 2005ی‌ ئه‌نكه‌ره‌‌و چه‌ندین هێرشی‌ خۆكوژی‌ له‌ئیسته‌بوڵ‌و شاره‌كانی‌ تری‌ توركیا.

هه‌ڵۆكانی ئازادی كوردستان (تاك)، به‌رپرسیارێتیان راگه‌یاندووه‌ له‌ته‌قینه‌وه‌كانی‌ 17/2ی‌ ئه‌مساڵ له‌ئه‌نكه‌ره‌ كه‌ 29 كوژراو و 81 برینداری‌ لێكه‌وته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌كانی‌ 13/3 له‌ئه‌نكه‌ره‌‌و 28/4ی‌ 2016 له‌بۆرسا-ی‌ توركیا.

ئه‌و رێكخراوه‌ له‌چه‌ندین په‌یامیدا جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و چالاكییانه‌یان به‌رده‌وام ده‌بێت تاوه‌كو ئه‌وكاته‌ی‌ توركیا هێرشه‌كانی راده‌گرێت له‌باكوری كوردستان.

پێكدادانه‌كانی‌ نێوان شه‌ڕڤانانی‌ كورد‌و هێزه‌كانی‌ ئه‌منیه‌كانی‌ توركیا، له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردوودا زۆربه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ باكوری‌ كوردستانی‌ گرتووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌مانگی‌ حه‌وتی‌ ساڵی‌ رابردوودا شه‌ڕی‌ نێوان په‌كه‌كه‌‌و سوپا ده‌ستیپێكرده‌وه‌.

سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ بارگرژیه‌كان كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سه‌دان هاوڵاتی‌ مه‌ده‌نی‌ بونه‌ته‌ قوربانی‌، دوای‌ دوو ساڵ له‌ئارامی‌ هات به‌هۆی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتیه‌وه‌، كه‌ له‌ئێستادا به‌ته‌واوی‌ په‌كیكه‌وتووه‌.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر