ایران نیوز

جمعه، دی ۱۰، ۱۳۹۵

لەسلێمانی 112 كەس سزای له‌ سێداره‌دانیان هەیە

ئاماره‌كان ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو كه‌ پار ساڵ رێژه‌ی تاوان زیاتر بووه‌
ئه‌مڕۆ 29-12-2016 له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاكسازی گه‌وران له‌شاری سلێمانی ئاماری ئه‌مساڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ی ئاشكرا كرد و رایگه‌یاند، ئه‌مساڵ به‌به‌راورد به‌ ساڵی پار سزادراون كه‌مترن و سزای له‌سێدارادانیش چه‌ند ساڵێكه‌ راگیراوه‌.

به‌مه‌به‌ستی راگه‌یاندنی ئاماره‌كانی ئه‌مساڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاكسازی گه‌وران كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن سازكراو له‌سه‌ره‌تای كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا؛ شێركۆ عارف به‌ڕێوه‌به‌ری چاكسازی گه‌وران وتی: 1079 سزادراو هاتونه‌ته‌ چاكسازی گه‌ورانی سلێمانی كه‌ 465 كه‌سیان سزای سوك بووه‌ كه‌ سزاكه‌یان كه‌متر له‌ پێنج ساڵ بووه‌ و 690 سزای قورسیش هه‌بووه‌ و 112 سزای له‌ سێداره‌دان هه‌بووه‌ كه‌ زۆربه‌یان كوردن و به‌ڕێژه‌یه‌كی كه‌میش عه‌ره‌ب و فارس هه‌بوون، هه‌روه‌ها 80 كه‌سیش سزادراوه‌ كه‌ به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌بن و 46 سزادراویش به‌ ڕه‌گه‌ز ئێرانین كه‌ ( كوردی ئێران یان فارس) بوون.


شێركۆ عارف، وتیشی: 997 سزادراو ئازادبوون و 292 سزادراو مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه‌ و 1091 سزادراو ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كان كراوه‌ به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر و 408 كه‌سیش ره‌وانه‌ی دادگا كراون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌ 60 زیندانیكراو گیانیانله‌ده‌ستداوه‌ به‌ هۆكاری جۆراوجۆر و زیندانیكراوێكش له‌زیندان خۆی كوشتووه‌.

وتیشی: 11 كه‌سیش ده‌ستگیركراون كه‌ هه‌وڵیانداوه‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر بهێننه‌ زیندان و ئێستا ئه‌وانیش كه‌یسه‌كانیان له‌ دادگاكانه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ماده‌كانی سزادراوانیش به‌ڕێوه‌به‌ری چاكسازی گه‌وران وتی: 335 كه‌س به‌ مادده‌ی كوشتن سزادراون و 78 كه‌سیش به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر و 218 به‌هۆی به‌كارهێنه‌ری ماده‌ی هۆشبه‌ر و 125 كه‌سیش به‌ مادده‌ی تیرۆر ده‌ستگیركراون.


هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌دا شێركۆ عارف رایگه‌یاند؛ ئاماره‌كانی ئه‌مساڵ كه‌متره‌ له‌چاو ساڵی پاردا كه‌ ئاماری ئه‌مساڵ 1079 كه‌س سزادراون له‌ ساڵی 2015 دا 1318 سزادراو هه‌بوون.

وتیشی: ئاڵوگۆڕی سزادراوان له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێراندا هه‌بووه‌ له‌ ساڵی 2016 دا 97 سزادراوی ئێرانی نێردراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئێران و پێنج سزادراوی هه‌رێمی كوردستانیش گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌نها كه‌سوكاری ئه‌و پێنج سزادراوه‌ ئێمه‌یان ئاگادار كردۆته‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌و جیاوازیه‌ هه‌یه‌ له‌ ئاڵوگۆڕیه‌كه‌دا، راشیگه‌یاند، سزادراوان به‌ندكراوانی سیاسی ناگرێته‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ لێبوردنی گشتیش وتی: لێبورده‌ی گشتی نه‌بووه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ په‌رله‌مان په‌كخراوه‌.


هه‌ر له‌و كۆنگره‌یه‌دا له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری چاكسازی گه‌ورانی سلێمانییه‌وه‌ وه‌ڵامی پرسیاری میدیاكارانی درایه‌وه‌؛ له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی په‌یامنێری PUKmedia دا سه‌باره‌ت به‌ سزای له‌ سێدارادان و جێبه‌جێكردنی ئه‌و سزایه‌ له‌ هه‌رێم دا شێركۆ عارف وتی: به‌ بڕیارێك ئه‌و سزایه‌ راگیراوه‌، بۆیه‌ ئه‌و 112 كه‌سه‌ی سزای له‌سێدارادانیان بۆ ده‌رچووه‌ سزاكه‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

وتیشی ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و سزایانیان بۆ ده‌رچووه‌ زیاتر به‌هۆی كوشتن و تیرۆره‌وه‌ بووه‌؛ سزادراوانیش له‌ نه‌ته‌وه‌كانی كورد و عه‌ره‌بن.

سه‌باره‌ت به‌ مۆڵه‌تی سزادراوانیش له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ PUKmedia به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری گه‌ورانی سلێمانی وتی: ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و مۆڵه‌ته‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ به‌ پێی یاسای ژماره‌ یه‌كی ساڵی 2008، پێویسته‌ سزاكانیان سوك بێت و كار له‌ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان نه‌كات، ئه‌و كه‌سانه‌شی ئه‌و مۆڵه‌ته‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ ده‌توانن به‌ سێ مانگ جارێك ئه‌و مۆڵه‌ته‌ بۆ پێنج رۆژ وه‌ربگرن، كه‌سی سزادراو پێویسته‌ دوو كه‌فیلی هه‌بێت و تاپۆی خانوو بخه‌وێنێت له‌گه‌ڵ بڕی پاره‌ كه‌ له‌ پێنج ملیۆن كه‌متر نه‌بێت و له‌ 25 ملیۆن دیناری عیراقیش زیاتر نه‌بێت.

PUKmedia گۆران قادر

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر