ایران نیوز

چهارشنبه، دی ۰۱، ۱۳۹۵

شەڕڤانان ئازادكردنەوەی 97 گوندیان راگەیاند

شەڕڤانانی ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی رقە ئازادكردنەوەی 97 گوندو دەیان كێڵگەی كشتوكاڵی و كوژرانی چەندین تیرۆرستیان راگەیاند.
فەرماندەی گشتی ژووری ئۆپراسیۆنی توڕەی فورات كە ئەركی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكانی رقەیان پێ سپێردراوە، ئاماری چالاكییەكانی 10 رۆژی رابردوی قۆناغی دووەمی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكانی رقەیان ئاشكراكرد، ئاماژەشیان بەوەداوە كە تەواوی ناوچەكانی دەوروبەری رۆژئاوای شاری رقە ئازادكراونەتەوە لە رقەیان دابڕیوە.
ئەمڕۆ 2016/12/20 جیهان شێخ ئەحمەد وتەبێژی رەسمی ئۆپراسیۆنی توڕەی فوراتەوە لەبەیاننامەیەكدا تەواوی ئامارەكانی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: شەڕڤانان لەقۆناغی دووەمی ئۆپراسیۆنەكەدا توانیویانە 97 گوندو دەیان كێلگەی كشتوكاڵی و چەندین گردی ستراتجی ئازاد بكەنەوە كە روبەرەكەیان دەگاتە هەزارو 300 كیلۆمەتری چوارگۆشە، هەروەها شەڕڤانان گەیشتونەتە روباری فورات و تەواوی ناوچەكەیان ئازادكردۆتەوە.
وتیشی: لەماوەی ئەو 10 رۆژەدا، شەڕڤانان 96 تیرۆرستی داعشیان كوشتوەو 7ی دیكەشیان دەستگیركردوە، جگە لەوەی داعشێك خۆیی و خێزانەكەی رادەستی شەڕڤانان كردوە. 
هەر لەبەیاننامەكەیدا، ئەوەشی خستەڕوو: شەڕڤانان لەماوەی 10 رۆژی رابردوی ئۆپراسیۆنەكەیاندا، دەستیان بەسەر چەندین چەك و تەقەمەنی تیرۆرستاندا گرتوەو توانیویشیانە 550 بۆمبی چێنراوی تیرۆرستان پوچەڵ بكەنەوە.
لەبارەی ژمارەی ئەو شەڕڤانانەی لەگەڵ دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی رقە تائێستا رایگەیاند: لەو ماوەیەدا 9 شەڕڤان شەهید بوون و 12ی دیكەش بریندار بوون.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر