ایران نیوز

چهارشنبه، دی ۰۱، ۱۳۹۵

كۆیە؛ دوو تەقینەوە لەبەردەم بارەگای حزبی دیموكراتى كوردستان روویاندا

حزبی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند ، بەهۆی ئەو دووتەقینەوەیەی كە شەوی رابردوو لەنزیك یەكێك لەبنكەكانی ئەو حزبە لە كۆیە روویاندا، 6 كەس گیانیان لەدەستداوەو 4ی تریش برینداربوون.
حدك لە راگەیەندراوێكدا كە لەماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویكردۆتەوە ئاماژەی بەوەكردووە كە پێنج لە شەهیدەكان سەر بەو حزبەن و شەهیدەكەی تر كارمەندی ئاسایشە و چوار بریندارەكەش دوانیان پێشمەرگەو دوانی تریان ئاسایشن.
دەقی راگەیەندراوی حزبی دیموكراتی كوردستان لەبارەی تەقینەوەكەی شەوی رابردووی بەردەم یەكێك لەبنكەكانیان:
راگەیەندراو لەبارەی تەقینەوەی تیرۆریستی لە یەكێك لە بنكەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان
بۆ ئاگاداریی ڕای گشتی

تەقینەوەی تیرۆریستی لە نزیك یەكێك لە بنكەكانی دەفتەری سیاسیی حیزب، شەهیدو برینداربوونی ژمارەیەك لە تێكۆشەرانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی لێ كەوتەوە.
ئەمشەو 20لە سەر 21ی دیسامبر (شەوی یەلدا)، دەوروبەری كاتژمێر١٠ی شەو لە كاتێك دا بەشدارانی ڕێورەسمی یادی لە دایكبوونی د.قاسملوو، بە دوای كۆتایی بەرنامەكە بۆ ماڵەكانیان دەگەڕانەوە، دوو تەقینەوەی بە دوای یەك لە نزیك پرسگەی بەر دەركی قەڵای دیموكرات ڕوویان دا. بە هۆی ئەم تەقینەوەیە بە داخەوە ٦ كەس گیانیان لە دەست دا‌و ٤ كەسیش بریندار بوون.
شەهیدەكانی ئەم ڕووداوە بریتین لە:
1- عەلی قۆیتاسی، كادری حیزب
2- وەهاب میر خزری، پێشمەرگەی حیزب
3- سالار باقری، پێشمەرگەی حیزب
4- ئەرسەلان عەباس نیا، پێشمەرگەی حیزب
5- ناسر كەریمی، ئەندامی یەكیەتیی لاوانی دیموكرات،
6- عەدنان عەبدوڵلا، مفەوەزی ئاسایش
بە هۆی ئەم ڕووداوەوە دوو پێشمەرگەی حیزب و هەر وەها دوو پۆلیسی ئاسایشیش بریندار بوون.
وێڕای مەحكوومكردنی ئەو كردەوە تیرۆریستییە و هەر وەها سەرەخۆشی‌و هاودەردیی قووڵمان لە گەڵ بنەماڵەی شەهیدانی ئەو ڕووداوەو هیوای هەر چی زووتر چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان، ڕادەگەیەنین كە لێكۆڵینەوە لە سەر چۆنیەتیی ڕووداوەكە بەردەوامە‌و، ئاسایش‌و دەزگا پێوەندیدارەكان لە شوێنی رووداوەكە حوزووریان هەیە. زانیاریی زیاتر لە راگەیەندراوەكانی داهاتوو دا بە ئاگاداریی بیرورای گشتی دەگەیەنین.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموكراتی كوردستان
شەوی20 لە سەر 21ی دیسامبری ٢٠١٦
شەوی ١ی بەفرانباری ١٣٩٥

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر