سەلاحەدین دەمیرتاش بەهۆی بانگدانی مزگەوتەوە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای راگرت، ئەوەش بووە دەرفەتێك تا قسە لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە بكات كە ئامادەی دانیشتنەكەبوو.
هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە ئەمڕۆ لەزیندانی ئەدرنە بە سیستمی دەنگو رەنگ بەشداری لە دانیشتنی دادگای مێردین كردو لەكاتی دانیشتنەكەدا دەنگی بانگی بیستووەو داوای لە دادوەران كردووە كە دانیشتنەكە رابگرن تا بانگدانەكە كۆتایی دێت.
بەپێی ئاژانسی دۆغانی توركی، مەهمەت عەلی ئەسلان پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری باتمانو پارێزەران لەدانیشتنی دادگای سەلاحەدین دەمیرتاش وەكو چاودێر لەشاری ماردین ئامادەبوون، لەكاتی دەستپێكردنی دانیشتنەكەدا دەمیرتاش دەنگی بانگی مزگەوتی بیستووەو بە دادوەرانی وتووە"ئەوا دەنگی بانگ دێت، ئەگەر دەرفەت هەبێت بۆ بانگ مۆڵەت بدەن".
سەرۆكی دادگاش بەهۆی بانگەوە مۆڵەتی داوەو لەهۆڵی دادگا چوونەتە دەرەوە، لەودەرفەتەدا دەمیرتاش لەرێگای سیستمی دەنگو رەنگ لەگەڵ مەهمەت عەلی ئەسلان پەرلەمانتاری هەدەپە گفتوگۆی كردووە، دەمیرتاش وتویەتی"ئەگەر یەك كەستان لە پەرلەمان بمێننەوە واز لە پەرلەمان نەهێننو لەكاتی هەمواركردنی دەستوردا هەموو مافتان بەكاربهێنن".
لەبارەی رەوشی تەندروستیشیەوە، دەمیرتاش وتویەتی"لەزیندان رۆژانە دەرمان بەكاردەهێنم بۆ كۆنتڕۆڵكردنی فشاری خوێن، تائێستاش لەزیندان 5 كیلۆو نیو كێشی دابەزیوە".
دەمیرتاش بە سیستمی دەنگ و رەنگ بەشداری دادگا دەكات
4ی مانگی رابردوو هێزە ئەمنییەكانی توركیا هەریەكە لە سەلاحەدین دەمیرتاشو فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكانی هەدەپەو چەند پەرلەمانتارێكی ئەو پارتەیان دەستگیركردو تائێستاش لەزیندانن.
لەدادگاییەكەی ئەمڕۆیدا، دەمیرتاش بەرگری لەخۆی كردووە لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی كراونو هیچ تۆمەتێكی قبوڵ نەكردووە، وتویەتی"ئێمە لە دژی سیستمی دادگانین، بەڵكو لەدژی ئەو یاسایانەین كە حكومەت دەریكردوەو ئەو گۆڕانكارییەی كە حكومەت دەیەوێت لەیاسادا بیكات قبوڵمان نەكردوەو ئێستا 12 پەرلەمانتاری پارتەكەمان كە لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردراون دەستگیركراون، ئەمەش وڵاتمان بەرەو ئاڵۆزی دەبات".
هاوسەرۆكی هەدەپە ئەوەشی خستوەتەڕوو، نزیكەی 600 دۆسیە لەدژی ئەوان ئامادەكراونو 500 دۆسیەیان لەلایەن ئەو داواكاری گشتییانەوە ئامادەكراون كەئێستا بەتۆمەتی پەیوەندییان بە بزووتنەوەی خزمەتی فەتحوڵا گولەن دەستگیركراون.
"ئەگەر لە بیرتان بێت ئەردۆغان سەرۆك كۆمار كاتێك بیلال-ی كوڕی لەلایەن داواكاری گشتییەوە بانگكرا رایگەیاند كوڕەكەم ناچێتە بەردەم لێپرسینەوە، كاتێك هاكان فیدان راوێژكاری دەزگای هەواڵگری(میت) لەلایەن داوكاری گشتی ئەستەنبوڵەوە بۆ لێپرسینەوە بانگكرا ئەوكات ئەردۆغان سەرۆك وەزیران بوو، وتی هاكان فیدان ناچێتە بەردەم لێپرسینەوە"دەمیرتاش وای وت.
دادگای مێردین ئەمڕۆ دانیشتنی دادگاییكردنەكەی دەمیرتاشی بۆ 28 ی ئاداری ساڵی داهاتوو دواخست.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر