ایران نیوز

یکشنبه، مرداد ۱۵، ۱۳۹۶

شەڕ لە رەققە بەردەوامە و گەڕەکێکی دیکە کۆنترۆڵکرایەوە

لە 60یەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری رەققەی پایتەختی داعش، 16 چەکداری رێکخراوەکە لەلایەن شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کوژران و گەڕەکێکی دیکەش کۆنترۆڵکرایەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی ناوەندی راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی رەققە، ئێوارەی رۆژی شەممە 5-8-2017، لە باکووری رۆژئاوای رەققە شەڕ و پێكدادان لەنێوان شەڕڤانانی هێزەكانی هەسەدە و چەکدارانی داعش روویداوە، لە ئەنجامدا گەڕەکی کەریم کۆنترۆڵکراوەتەوە و 16 چەکداری داعشیش کوژراون. 
بەم پێیە ئێستا تەنیا 15 گەڕەکی رەققە لەژێر دەستی داعشدان. برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاند: داعش لە 45% ی رەققە دەرکراوە و تەنیا 2 هەزار چەکداری رێکخراوەکەش لە شارەکە دان.
بەپێی راگەیێندراوێکی ناوەندی راگەیاندنی یەپەگە سەبارەت بە شەڕی رەققە، کە شەڕڤانەکانیان بڕبڕەی پشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتن و سەرپەرشتیان دەکەن، لە مانگی تەمموزی 2017 دا 986 چەکداری داعش کوژراون، 11 چەکداریان بەدیل گیراون و چەکدارێکیش بە برینداری کەوتووەتە دەستی شەڕڤانان. هەر لەو ماوەیەدا 83 شەڕڤانی هەسەدە لە شەڕی رەققە شەهید بوون.
رۆژی 6-6-2017، هەسەدە بەهاوكاری ئەمریکا و هێزەكانی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی رەققەی دەستپێكرد. ئێستا لە چوار لاوە چەكدارانی داعش لە رەققە گەمارۆدراون و لەکۆی 27 گەڕەکی رەققە 11 گەڕەك كۆنترۆڵكراون و لە 7 گەڕەکیش شەڕ و پێکدادانە.
رووداو- رەققە

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر