دوو لەو پێشمەرگانەی باشووری کوردستان کە لە ریزی پێشمەرگەکانی کۆماری کوردستان بوون، دوای 71 ساڵ خەون بەو رۆژە دەبینن سەربەخۆیی خاک و وڵاتیان ببیننەوە و داوا لە سیاسییەکان دەکەن یەکڕیزبن و نەبنە رێگر لەبەردەم ئەو خەونەدا، داواش لە گەنجانی کوردستان دەکەن هەر شتێک لە بەرژەوەندی کوردستاندا بێت درێخی لێ نەکەن.
كوێخا فارس مێشەڕۆیی، پێشمەرگەكەی كۆماری كوردستان، ساڵانی تەمەنی ژمارد و نەیبینی ئاواتە گەورەكەی كورد بێتەدی، ئێستا كە لە باشووری كوردستان باسوخواسی گشتپرسی و سەربەخۆیی دەكرێت، ئاسۆیەكی هیوابەخش لەم پیاوە دەركەوتووە و چاوەڕێی ئەو رۆژە دەكات لەگەڵ هەڵكردنی ئاڵای سەربەخۆیی، ئەو فرمێسكانە بسڕێتەوە كە لەدوای رووخانی كۆماری كوردستان لەچاویدا قەتیس ماون.
ناوبراو دەڵێت: "لەو رۆژەی كۆماری كوردستانم بەجێهێشتووە چاوم فرمێسكاوی و دڵم خەمگینە تاوەكو ئەم رۆژە، چونكە ئاواتی من ئەوە بووە كورد ببێتە دەوڵەت و سەربەخۆیی خۆی رابگەیێنێـت، ئێستا كە بەمشێوەیە هاتووەتە پێش داوا لە هەموو حیزبەكان دەكەم بە گەورە و بچووكیانەوە، هەموویان وەكو برا لە گشتپرسیدا پەنجەیان سوور بكەن و بڵێن ئێمە دەوڵەتی سەربەخۆمان دەوێت".
حاجی محەممەد تاوەكو ئێستا ئەو رۆژەی لەبیرنەچووەتەوە كە ئاڵای كۆمارە تاقانەكەی كورد هێنرایە خوارەوە و تەمەنی ساڵێكی تێنەپەڕاند، لەدوای ئەو رۆژە و تامەزرۆیی بۆ سەربەخۆیی وایكردووە داوا لە گەنجان بكات خۆیان بۆ راگەیاندنی دەوڵەت ئامادە بكەن.
محەممەدئەمین فەقێ حەسەن دەڵێت: "داوا لە هەموو گەنجان دەكەم ئامادەبن ئەوەی خزمەت و پێویستە بۆ میللەتی خۆیان بیكەن، ئەوەی كوردە و خۆی بە كورد دەزانێت، دەبێت هاودەرد بێت و دەنگی خۆی بدات".
ئەو پێشمەرگانەی بۆ بەرگری لە كۆماری كوردستان لە باشوورە چوونەتە رۆژهەڵاتی كوردستان، پێیانوایە ئەوە دوا هەلە بۆ كورد كە ئاخۆ بڕیاری سەربەخۆیی بدات یان ژیانە ناچارییەكەی لە تەنیشت بەغدا درێژە پێبدات. دەڵێن دەبێت نەوەی نوێ لە 25-9-2017 مێژووە خوێناوییەكەی نەتەوەكەیان لەبەرچاوبگرن ئەوكات بڕیاری خۆیان بدەن.
رووداو - سلێمانی
<iframe width="460" height="281" src="http://www.rudaw.net/Embed.aspx?ID=149636" frameborder="0" allowfullscreen></iframe>
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر