ایران نیوز

جمعه، دی ۱۰، ۱۳۹۵

كوردانی رۆژئاوا سیستمی به‌رێوه‌بردنی فیدراڵییان پەسەندکرد

كۆنگره‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی فیدراڵی  
كوردانی رۆژئاوا پلانی سیستمی به‌رێوه‌بردنی فیدراڵییان پەسەندکردو ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردن دەکەن.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە گروپە کوردییەکان‌ و هاوپەیمانەکانیان پرۆژەی سیستمی حکومەتی فیدڕاڵیان لەباکوری سوریا پەسەندکرد.

"رەشنوسی پەیمانی کۆمەڵایەتی پەسەندکرا‌و لیژنەی جێبەجێکار ئامادەکاریی دەکات بۆ هەڵبژاردن." ئەوەش بەپێی وتەی بەرپرسێک بۆ رۆیتەرز بەبێ ئەوەی ئاماژە بەرۆژی دەنگدان بکات.
پێشتر هه‌دیه‌ یوسف، هاوسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دامه‌زرێنه‌ری سیسته‌می فیدراڵی ڕۆژئاوا- باكوری سوریا رایگەیاندبوو "ڕه‌شنووسی پرۆژه‌كه‌ كه‌ به‌ گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی ناسراوه‌ و پێشبینی ده‌كرێت ئەمڕۆپێنجشه‌ممه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا به‌به‌شداری 151 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌ شاری رومه‌یلان په‌سه‌ندبكرێت".
هه‌دیه‌ باسیله‌وه‌شكردبوو، ئه‌وان ‌ پێشتر ناوه‌رۆكی سیستمه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌موو گروپ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا تاوتوێكردووه‌ و ڕێكه‌وتنیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕه‌شنووسی سیستمه‌كه.
زیادبونی هه‌ژمونی كوردانی رۆژئاوا ترسی لای توركیا دروست كردووه‌، هاوكات ئه‌مریكا و رژێمی سوریا سیستمی فیدراڵی رۆژئاوا كه‌سه‌ره‌تا له‌ مانگی ئازاری ڕابردوودا ڕاگه‌یه‌ندرا ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌.
"له‌ ده‌ستووره‌كه‌دا ئێمه‌ هۆكاره‌كانی دروستكردنی دامه‌زراوه‌كانمان و سیستمی به‌ریوه‌بردن و خۆئاماده‌كردن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نه‌كانی ناوچه‌یی و دواتر بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ناوه‌ندی ڕوونده‌كه‌ینه‌وه‌". هه‌دیه‌ یوسف، پێشتر وای‌ وتبوو.
له‌رۆژی سێشه‌ممه‌ی ڕابردوه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌دایه‌ و ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ په‌سه‌ندكردنی ڕه‌شنووسی ده‌ستووره‌كه‌ ڕاگه‌یه‌ندرا.
یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌) ی سه‌ربه‌ پارتی‌ یه‌كێتی دیمۆكراتی (په‌یه‌ده‌) یه‌ و هێزی سه‌ره‌كی هێزه‌كانی سوریای دیموكراتییه‌ كه‌له‌دژی چه‌كدارانی داعش ده‌جه‌نگێت. 
فه‌وزا ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ده‌ستووری، پێشتر وتبووی‌، ئه‌وان ئاماده‌ی‌ دانوستانن له‌ هه‌ر كۆبونه‌وه‌یه‌كی ناوچه‌یی یان نێوده‌وڵه‌تیدا بۆ ئه‌وه‌ی پلان و بۆچوونی خۆیان بۆ چاره‌سه‌رێك بۆ سوریا بخه‌نه‌ ڕوو 
دوێنێ چوارشه‌ممه‌، روسیا و توركیا له‌ سه‌ر پرۆژه‌ پلانێكی راگه‌یاندنی ئاگربه‌ستی سه‌رتاسه‌ری‌ له‌ سوریا رێكه‌وتن و پرۆژه‌كه‌ پێشكه‌ش به‌ لایه‌نه‌كانی سوریا ده‌كرێت.
ئاژانسی ئانادۆڵی توركی، بلاَویكرده‌وه‌ به‌ پێی پلانه‌كه‌، ئاگربه‌ست سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی‌ شه‌ڕ له‌ نێوان هێزه‌كانی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د و لایه‌نگرانی و گروپه‌ چه‌كداره‌ بیانیه‌كانی سه‌ر به‌ ئه‌سه‌د و گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ ئۆپوزسیون و هێزه‌كانی سوریای دیمۆكراتی ده‌گرێته‌وه‌. 
هه‌ر به‌ پێی رێكه‌وتنه‌كه‌ی نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و موسكۆ ئاگربه‌ست له‌ ئه‌مشه‌وه‌وه‌ ده‌چێته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر ئاگربه‌ست به‌ سه‌ركه‌وتوویی له‌ نێوان رژێمی ئه‌سه‌د و ئۆپۆزسیون چووه‌ بواری جێبه‌جیكردنه‌وه‌ ئه‌وكات گفتوگۆ سیاسییه‌كان به‌ سه‌رپه‌رشتی توركیا و روسیا له‌ ئاستانه‌ی‌ پایته‌ختی كازاخستان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام توركیا نایه‌وێت كوردانی رۆژئاوا له‌و گفتوگۆیانه‌دا به‌شداربێت. 
توركیاو روسیا ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگێكه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان رووی‌ له‌ ئاسایبوونه‌وه‌ كردووه‌و به‌م دواییانه‌ش هه‌ماهه‌نگیان كرد له‌باره‌ی‌ پڕۆسه‌ی‌ چۆڵكردنی‌ به‌شی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ حه‌له‌ب له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریاوه‌.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر